"سپی" زانیاری لەبارەی دواکەوتنی موچە بڵاودەکاتەوە

بەهۆی نەبوونی پارە لەبانكەكاندا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بەسستی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستاش به‌غدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر موچه‌ی مانگی ئایار نه‌داوه‌.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە گەنجینەکانی وەزارەتی داراییەوە دەست "سپی" کەوتووە "بەهۆی نەبوونی سیولە "پارە" لەبانكەكاندا پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران خاوبۆتەوە".

دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەكاتێكدایە كە بەپێی یاسایی بودجەی 2019ی عیراق، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەغدا مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێرێت و تائێستا چوار مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی رەوانەكردوە.

هەر بەگوێرەی زانیاریەکان چەند رۆژی رابردوو بە واژۆی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە بۆ ناردنی بڕە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، به‌ڵام تاوەكو ئێستا وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی نیشان نەداوە بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچە تەرخان دەکرێت.




PM:05:41:09/05/2019