ڕابوون مەعروف لەسەر وەرگرتنی ٤٨ ملیۆن دیناری خانەنشینی ڕوونکردنەوە دەدات

ڕابوون مەعروف سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، دەربارەی وەرگرتنی پاداشتی خانەنشینی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕابوون مەعروف ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هەواڵەی کە دەربارەی گەڕاندنەوەی پاداشتی پەرلەمانتاران بڵاوکراوەتەوە و گوایە داواکاری گشتی هەرێم داوای گەڕاندنەوەی دەکات، کە جارێکی تر بوونەتەوە پەرلەمانتار، لەوێدا بە مەبەست و بە درۆ ناوی ئەو هاتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە " من دوای کۆتایی ھاتنی کارەکەم لە پەرلەمانی کوردستان ھیچ ئیکرامیەکم وەرنەگرتووە،  هەر ڕۆژنامەنووسێکی ڕاستگۆ و دڵسۆز بیەوێت لێکۆڵینەوە لەو ڕاستییە بکات، ئەو بە سوپاسەوە هاوکاریی دەکات".

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویەتی، سەرچاوەی تاڵانکردن و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی پەرلەمانتاران نین، سەرەڕای ڕەخنە و سەرنجەکانیان لەسەر پەرلەمان، بەڵکو حکومەت و گروپە دەست ڕۆیشتوەکانی ناو حیزبە دەسەڵاتدارەکانن.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا ڕابوون مەعروف جەختیکردووەتەوە، سەرچاوەکانی ستەمکاری و گەندەڵی لە ھەرێم، بە مەبەست و بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی، ھەمیشە و بەردەوام خەریکی لاوازکردن و سوککردنی پەرلەمانن. ھەرچەندە بۆ پاشەکشە بە ستەمکاری و تۆڕەکانی گەندەڵی، دەبێت پەرلەمان بەھێز بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتى دارایى هەرێمی کوردستان لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند پەرلەمانتارێکى کوردستان کە دووبارە بونەتەوە پەرلەمانتار و ٤٨ ملیۆن دینار پاداشتنى خانەنشینییان وەرگرتووە.



PM:06:32:10/05/2019