پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لەلایەن هێزەکانیانەوە دوو  کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دانیانناوە بە تاوانەکانیاندا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دوای ئەوەی بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە کەسێکیان بەتۆمەتی شەڕکردن دەستگیرکرد و بە گومانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر رادەستی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین کرا، دواتر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ئەو کەسە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە و دانی ناوە بە تاوانەکەیدا".

ئەوەشهاتووە، "دوای بەدواداچون و بەدەستهێنانی زانیاری کەسێکی دیکەش دەستگیر کراو، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی ناوە بە تاوانەکەی کە بەکاربەر و بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە کردوە". 

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستوەتەڕوو، "تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (ش.ص) وە (م.ا) و هەردوکیان تەمەنیان لە سەروی 18 ساڵە و لە رەگەزی نێرن، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا و دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر و پشکنین بۆ ماڵیان دەست بەسەر چەند کەلوپەلێکدا گیراوە کە تایبەتن بە بەکارهێنانی دەرمانی بێهۆشکەر و هەروەها چەک".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕیندا ئەوەشخراوەتەڕوو، تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر راگیراون و دۆسیەیەکەیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین کراوە.



AM:09:15:11/05/2019