پەرلەمانتارانی کورد لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕینی موچەو بودجەی هەرێم روونکردنەوەیەک بڵاودەکەنەوە

چوار پەرلەمانتاری کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن، ئەگەر هەرێمی کوردستانیش نەوت رادەستی سۆمۆ نەکات، دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

ئەمڕۆ شەممە ۱۱ ی ئایاری ۲٠۱۹ هەریەک لە پەرلەمتارانی لیژنەی دارایی عێراق (هۆشیار عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی گۆڕان، د. جەمال کۆچەر لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، شێروان میرزا قادر لە فراکسیۆنی یەکێتی و ئەحمەد حاجی رەشید لە فراکسیۆنی کۆمەڵ) ئمڕۆ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی بودجە و موجەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەدا ئەو پەرلەمانتارانە  ئاماژە بەوەدەکەن"هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە، بە وەزیری نەوتیشەوە کە لەم رۆژانەدا لێدوانی داوە و ئەوەی لێ خوێنراوەتەوە" ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت، بەغداش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێم".

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 25ی نیسانی ئەمساڵ، سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەتاوەکو ئێستا ئەوەی رادەست نەکردووە کە لە بودجەی 2019 دا هاتووە، کە پەیوەستە بە رادەستکردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ... بەمزوانە پەیوەندی بە هەرێمەوە دەکرێت بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو".

دەقی روونکردنەوەکە:

روونکردنەوەیەک بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان

دوای هەوڵ و ماندوبونی بێوچانی ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پشکی هەرێمی کوردستان چەسپێنراوە لە یاسای بودجەی ساڵی 2019، لەوەش گرنگتر ئەوەیە: مووچەی فەرمانبەران جیاکرایەوە لە پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەش گەرەنتی ئەوەی زامن کردووە کە هیچ کەسێک نەتوانیت ئەو یاسایەی پشکی هەرێمی کوردستانی تیدا جێگیرکراوە و، مووچەی فەرمانبەرانی تیدا چەسپاوە، هەڵوەشێنێتەوە.

هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە لەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە، کە لەم رۆژانەدا لێدوانی داوە و ئەوەی لێ خوێنراوەتەوە: ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بغداش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێم. ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت راست بێت بۆ پشکی هەرێم یا بۆ ئەو رێژەی زیانەی بەرامبەر 250 هەزار بەرمیلەکە دەبڕدرێت، ئەوا بەهیچ شێوەیەک راست نییە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بە هەمووان رادەگەیەنین و  دڵنیاتان دەکەینەوە، نوێنەرەکاتان لە لیژنەی دارایی مکوڕن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ئێمە کە داکۆکیکاری مووچەی فەرمانبەرانین، بەهیچ جۆرێک داکۆکی لە ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی هەرێم ناکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە بە یەکجاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە مایەی کێشە و گرفت بۆ هاونیشتمانییانی هەرێم.

سەرکەوتووبن.

هۆشیار عەبدوڵڵا  
د جمال کوچەر 
شیروان میرزا قادر
احمدی حاجی رەشید 

۱۱ ی ئایاری ۲٠۱۹


PM:04:48:11/05/2019