ئینستتیوتی پەی: پەرلەمان یەكەم یاسای بە پێشێلكارییەوە پەسەندكرد

ئینستیوتی پەی کە دەزگایەکە چاودێری کاروباری پەرلەمانی کوردستان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە هەفتەی پێشوودا دەڵێت " پەرلەمان یەكەم یاسای بە پێشێلكارییەوە پەسەندكرد".

ئەنیستۆتی پەی لە راپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر ١٨٣ رۆژ دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " ئەمەی لەپەسەند كردنی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا گوزەرا، دەستپێكێكی مەترسیدار بوو لە كاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە زۆرترین پێشێلكاری بەیەكەم كاری ئەم خولەوە بینرا".

پێشەكی:
دوای (183) رۆژ لەسوێند خواردنی ئەندامان و (220) رۆژ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و واژوو كردنی چەندین رێكەوتنامەی سیاسی لە نێوان (پارتی، گۆران، یەكێتی) رۆژی هەشتی ئایار پەرلەمان دانیشتی ژمارە (5)ی ئەنجامدا كە ئەوەش یەكەم كاری بوو لە بواری یاسا دانان، وێرای ئەوەی دەیان سەرنجی سیاسی و یاسایی لەسەر دانیشتنەكە درووست بووە، وەك راگەیەندراو دەبوو ئەو دانیشتنە لە رۆژی (10/4/2019) ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی (پارتی و گۆران) بە داوای (یەكێتی) بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم دانیشتنەكە دواخرا، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ماڵپەری فەرمی پەرلەمان، بەناوی پێدانی كاتی زیاتر بە لیژنەی یاسایی دانیشتنەكەیان دواخست، تا رۆژی (5/5/2019) رێككەوتنی (پارتی و یەكێتی) لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان واژووكرا، ئەوكاتەش دانیشتنی پەرلەمان سازكرا.

دانیشتنەكەدا بە ئامادەبوونی (110) پەرلەمانتار سازكرا، بۆ پەسەندكردنی ( پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان- عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور) بوو، یاساكە لە هەشت ماددە و هۆیەكانی دەرچواندنی پێكهاتووە، پەسەندكردنی كۆی یاساكە بەدەنگی (89) بەڵێ لەبەرامبەر (12) نەخێردا بوو، ئەمە جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە پێش كۆتایی، دانیشتنەكەیان بایكۆت كرد، ئەندامانی فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆران، هاوپەیمانی سەردەم، ئازادی) و (كەمینە ئاین و نەتەوەییەكان) دەنگیان بەیاساكەدا كە ژمارەیان (91) ئەندامە لەپەرلەمانی كوردستان، لە بەرامبەردا فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، بەرەی ئیسڵاح) دەنگیان نەخێر بوو كە ژمارەیان (20) ئەندامە . 

پێشێلكارییەكانی پەیرەوی ناوخۆ لە دانیشتنەكەدا: 

1-بەپێی ماددەی (86) و بڕگەی دووەم لە مادەی (90)لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوو راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەبەردەستی سەرجەم ئەندامان بێت، بەڵام تەنها لای لیژنەی یاسایی و سەرۆكایەتی هەبوو.

2-بەپێی ماددەی (90)لە پەیرەوی ناوخۆ پەرلەمان، دەبێت دانیشتنی دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسا لە ماوەی یەك هەفتە لەدوای خوێندنەوەی دووەمی ئەنجام بدرێت، خوێندنەوەی دووەمی یاساكە لە دانیشتنی ژمارە(4) لە رۆژی (03/04/2019) ئەنجام درا واتە دەبوو دانیشتنی ژمارە (5) لە (04تا10/04/2019) ئەنجام بدرێت، بەڵام دانیشتنەكە (34) رۆژ دواتر ئەنجام درا، ئەمەش پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆیە.

3-دەستەی سەرۆكایەتی و لێژنەی یاسایی، تەنها ئەو پێشنیازەیان خستە بەرنامەی كار كە لە (28/3/2019) بە ئیمزای (68) ئەندام پەرلەمان پێشكەش كرابوو، لە كاتێكدا پێشنیازەكانی تر لە (26/3/2019) پێشكەش كرابوون، نەخرانە بەرنامەی كار، چەندین ئەندامی پەرلەمانیش، لە خاڵی پەیرەویدا نارەزایەتیان دەربری لەسەر دانەنانی پێشنیازەكانیان لە راپۆرتی لیژنەی یاساییدا، بەڵام وەڵامەكان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی یاساییەوە نا پەیڕەوی بوو، وە هەردوو سەرۆك و سەۆركی لیژنە باسیان لەوەكرد "هەر پێشنیازێك دژی نیزامی سیاسی یان دژی مەبادئی عام بێت نەمانكردۆتەوە ناو راپۆرتەكە "،  ئەم دەستەواژەیە لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانیدا جێگەی نیە و لەگەڵا دامەزراوەیی یاساداناندا ناگونێت!

4-ماددەی (91) برگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆ، دەڵێت: لەكاتی بوونی زیاتر لە یەك پێشنیازدا هەموو پێشنیازەكان دەخرێتە دەنگدانەوە كامیان دەنگی زۆرینەی هێنا بە پەسەندكراو هەژمار دەكرێت، بۆیە پێوستی بەوەنەدەكرد دەنگی دژ وەربگیرێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان هەموو پێشنیارەكانی بەدوو جار خستە دەنگدانەوە و گوێی لە دوو پەرلەمانتار نەگرت كە لەوبارەیەوە خاڵی پەیڕەویان پێشكەشكرد.

5-سەرۆكایەتی پەرلەمان گوێی لەو هەموو داوایەی ئەندامان نەگرت كە بە (نقگە نڤام) دەریان بڕی سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی دانیشتنەكە.

6-لیژنەی یاسایی بێ ئەزموونی و نەشارەزایی بە كارەكانیانەوە دیار بوو هەر لە نوسینەوەی راپۆرتەوە تا داڕشتنەوەی پێشنیازی یاساكەو راجیاوازەكان و پرۆسەی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە.

سەرنجە سیاسی و یاساییەكان سەر دانیشتنەكە : 
1.لە خاڵی (5)ی ماددەی چوارەمی پێشنیازەكە هاتووە "سەرۆكی هەرێم لە دەنگدانێكی ئاشكراو و بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، هەڵدەبژێردرێت".، ئەمەش پێچەوانەی بنەما سەرەكیەكانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەردە، كە جەخت لەسەر دەنگدانی نهێنی دەكاتەوە، پێچەوانەی ڕێككەوتنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكانە كە جەخت لەسەر نهێنی دەنگدان دەكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدا عێراقیش لەو وڵاتانەیە كە ئەو ڕێككەوتنامەی پەسندكردووە، بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستانیش پێوەیەوە پابەند بێت.
2.سەبارەت بە ڕێژەی پێویستی دەنگدان، لە دەقی یاساكەدا هاتووە: "بەزۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، سەرۆك هەڵدەبژێردرێت"، بەهۆی پێگەی سەرۆكی هەرێم لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، پێویست بوو ڕێژەیەكی دەنگی زیاتر دیاری بكرایە لە پێشنیازەكە، بۆ نمونە ڕێژەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامان، ئەگەر لە خولی یەكەم هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو ڕێژەیە بە دەست بهێنێ ئەوا لە خولی دووەم پەنا بۆ زۆرینەی ڕەها ببردرێت بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پۆستە، جگە لەوەش لە خاڵی (3)ی ماددە شازدەهەمی یاسای سەرۆكایەتی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی هەرێم هاتووە " بەلای كەمەوە (3/4)ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان- عێراق، لە دەنگدانێكی نهێنیدا، لە متمانەی بخەن"، باشە چۆن دەكرێت متمانە بە زۆرینەی ئەندامان وەربگرێت، كەچی وەرگرتنەوەی متمانە بە ڕێژەی (3/4) بێت، ئەوە ناكۆكە لەگەڵا بنەمای شێوە هاوتاكانی یاسایی.
3.ماوەی (3) رۆژ دانراوە بۆ خۆپالاوتن و پێشكەشكردنی سیڤی، ئەو ماوەیەش زۆر كەمەو دەرفەتی یەكسان لەبەردەم هەموو ئەو كەسانەدا نارەخسێنێت كە خوازیارن داوا پێشكەش بكەن، ئەمە لەكاتێكدا لە عیراق (30) رۆژە. 
.یاساكە بەناو پەرلەمانیە، كەچی هیچ كام لە دەسەلاتەكانی سەرۆك دەسكاری نەكراوەو كەم نەكراوەتەوە هەمان دەسەڵاتی سەرۆكە كە لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت، كەچی سەرۆك لەبەرامبەر پەرلەماندا بەرپرس نیە. ئەمە لەكاتێكدایە لەهەرێم دەسەڵاتی فیعلی و لە بەغدا تەشریفاتیە.
5.دەبوایە یاساكە ناوی (هەمواری یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم)بێت، بەڵام ناوێكی تری بۆ دانراوەو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە یاساكە لە ناوەرۆكدا نەبووە بە پەرلەمانی.
6.مەرجی بڕوانامە دانەنراوە بۆ ئەو كەسەی خوازیارە داواكاری بۆ ئەم پۆستە پێشكەش بكات، لەكاتێكدا لە بەغدا مەرجی بوونی بڕوانامەی بەكالۆریۆس دانراوە.

ئەمەی لەپەسەند كردنی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا گوزەرا، دەستپێكێكی مەترسیدار بوو لە كاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە زۆرترین پێشێلكاری بەیەكەم كاری ئەم خولەوە بینرا. بەو هیوایەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان ئەو پێشێلكاریانەی بوەستێنن و پەرلەمان بگێڕنەوە سەر رێچكەی یاسایی خۆی. 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان
11/05/



PM:12:21:12/05/2019