دادگای سلێمانی سزای 15 جار لەسێدارەدان بەسەر سێ تاوانباردا دەسەپێنێت

دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای 15 جار لەسێدارەدان بەسەر سێ تاوانبار دەسەپێنێت، بە تاوانی رفاندن و کوشتنی 18 شۆفێری تاکسی لەماوەی نۆ مانگدا لە ساڵی 2013 لە کەرکووک.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە تیایدا بەشی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە  دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە رۆژی 9-5-2019 دا بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر سێ تاوانباردا سەپاندووە،

بەپێی راگەیەندراوەکە هەرسێ تاوانباران: ئەحمەد مستەفا عەبدولمەهدی، حوسێن شەعلان فەزاع و حەمدان سەرحان فەرز بە سزای 15 جار لەسێدارەدان بۆ هەریەکێکیان بەپێی ماددەی دووی بڕگەی دوو بە دەلالەتی ماددەی 10ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ژمارە سێی ساڵی 2006 (سزادران).

لەبارەی هۆکاری ئەو سزا قورسە و جۆری تاوانەکانیان  ئەوەش هاتووە "تاوانبارانی ناوبراو لە رۆژی 18-3-2013 تاوەکو رۆژی 2-11-2013، 18 شۆفێری تاکسیان لە شاری کەرکووک رفاندووە و دواتر شەهیدیان کردوون.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو کەسانەی کاری رفاندن و کوشتنەکەیان کردووە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، ژمارەیان حەوت کەس بووە و، هێشتا چواریان چاوەڕێی حوکمی دادگان.


PM:07:54:12/05/2019