محەمەد حەلبوسى لە هاوپەیمانیەتیەکەی دوورخرایەوە

هاوپەیمانى میحوەرى وەتەنى، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقى لە ڕیزەکانی دورخستەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکیدا هاوپەیمانى میحوەرى وەتەنى دورخستنەوەى حەلبوسى و ژمارەیەک لە ئەندامانى کوتلەکەى ڕاگەیاند، بەهۆکارى ئەوەى پابەندى ئامانج و چوارچێوەى هاوپەیمانێتییەکە نەبوون.

هاوکات پەرلەمانتارێکى عێراق لەسەر پارێزگاى نەینەوا ڕایگەیاند، کوتلەیەکیان بە ناوى یەکێتى هێزە عێراقیەکان ڕاگەیاندووە و هەریەکە لە خەمیس خەنجەر و ئەحمەد جبورى و ئەبومازن یان دورخستۆتەوە.

سەمیعە غەلاب ئەندامى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، یەکێتیەکەیان لە ناو هاوپەیمانى بینا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەى بۆچوونى پەرلەمانتارەکانى دیکەى نێو میحوەرى وەتەنى لەو بارەیەوە ڕوون دەبێتەوە.

ڕاشیگەیاند، ئەوەى ئەمڕۆ لە دانیشتنى ئەنجومەنى پارێزگاى نەینەوا ڕوویدا بە هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێ و جێگرێکى قبوڵکراو نیە و لە دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق هەڵوێستى جدییان دەبێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانێتى میحوەر موسڵیان فرۆشتووە.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، هاوپەیمانێتى میحوەر هەڵوەشاوەتەوە و یەکێتى هێزە عێراقیەکان دروستکراوە و ئەو سێ ئەندامەش دورخراونەتەوە.



PM:06:36:13/05/2019