ڕۆژنامەنوسێک: حکومەت موچەی فەرمانبەرانی داوەتەوە بە قەرز

به‌پێی ئەو زانیاریانەی كە كۆمپانیای رۆسنەفت بڵاویكردووەتەوە حکومەتی هەرێمی بڕێک لەقەرزەکانی پێداونەتەوە و ڕۆژنامەنوسێکی ئابووریش دەڵێت "پێدەچێت حکومەت موچەی فەرمانبەرانی دابێتەوە بە قەرز".

به‌پێی ئەو زانیاریانەی كە كۆمپانیای رۆسنەفت بڵاویكردووەتەوە، لەماوەی 4 مانگی ڕابردوو مانگانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان 400 ملیون دولاریان لەبری قەرزەكانیان وەرگرتووەتەوە، كە دەكاتە 1ملیار و 600 ملیون دۆلار...

بیلال سەعید، رۆژنامەنوسی ئابوری له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فەیسبووك بڵاویكردۆته‌وه‌ "بەپێی داتاكان لەكۆتایی ساڵێ‌ 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 3ملیار دولار قەرزاری رۆسنەفت بووە، بەڵام لەئێستادا تەنیا 1ملیار و 400 ملیون دۆلار قەرزارە".

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ راشیگه‌یاندووه‌ "بەو پێیە بێت حكومەت مانگانە ئەو بڕە پارەی لەپای مووچەی مووچەخۆران بەغدا وەریگرتووە ئەگەری هەیە بۆ پێدانەوەی قەرزەكانی خەرجی كردبێت".

پێشتر د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یاند "به‌غدا موچه‌ى مانگه‌كانى یه‌ك و دوو و سێ و چوارى ئه‌مساڵى به‌بێ پاشه‌كه‌وت بۆ هه‌رێمى كوردستان ناردووه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد"هه‌رێم پاره‌ى مانگى چوارى به‌غدا ده‌داته‌ موچه‌ى مانگى یه‌كى فه‌رمانبه‌ران بێ ئه‌وه‌ى پاره‌ى فرۆشراوى نه‌وتى هه‌رێم دیار بێت".

له‌سه‌ر رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا و دۆسیه‌ى نه‌وت د.شێركۆ جه‌وده‌ت ده‌ڵێت" ئه‌م سێ مانگه‌ى دواكه‌وتنى دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم لوغمێكى شاراوه‌ و ته‌وقیتكراوى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ و هه‌ڵگیراوه‌ بۆ كابینه‌ى نۆیه‌م".

 


PM:05:57:14/05/2019