وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە بەشێک لە کارمەندانی دەکات بەغدا و هەولێر جێبێڵن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە بەشێك لە كارمەندانی باڵیۆزخانەی عێراق و كۆنسوڵخانەی هەولێر دەكات، عێراق جێبێڵن و بگەڕێنەوە ئەمریكا.

لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایار بڵاویكردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە بەشێک كارمەندانەی سەر بەحكومەتی واشنتۆن کردوە، كە لەهەریەك لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغداو كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كاردەكەن و ئەرك و بەرپرسیارێتی گرنگیان نییە، بگەڕێنەوە ئەمریكا.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بە‌غدا هاتووە، خزمەتگوزاری پێدانی ڤیزەی ئاسایی هەم لە باڵیۆزخانە و هەمیش لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێت. 

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، حکومەتی ئەمریکا تواناکانی سنووردارن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەپەلە بە هاووڵاتیانی ئەمریکا لە عێراق.

ئەمەش لەکاتێدایە کاتێکدایە لەئێستادا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە و مەترسی روودانی جەنگ لە نێوانیان لە ئارادایە، هەروەها رۆژی سێشەممەش سوپای ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەری هەڕەشە هەیە لەسەر هێزەكانیان لەعیراق، هەربۆیە ئەو هێزانە لەئێستادا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. 

پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی دیکەیدا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریکای کردبوو خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق بە دووربگرن، هاوکات داواشی لەو ئەمریکیانە کردبوو کە لە عێراقن، پێویستە بە ئاگاییەوە بجوڵێنەوە.
 


ئه‌م بابه‌ته ‌608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:54:15/05/2019