شادی نەوزاد: سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ هەڕەشەم لێدەکات

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كه‌، زۆر نابەرپرسانەو نایاسایی لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێوە هەڕەشەی لێکراوە.

شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" پێم گرنگە رای گشتیی کوردستان لەهەڵوێستێکی نایاسایی‌و هەرەشەئاسا لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ (کازم فاروق)، بخەمەروو، کە زۆر نابەرپرسانەو لەرێگەی دادنوسەوە، نامەیەکی نایاسایی‌و هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوم‌و هەرەشەی دورخستنەوەم لەفراکسیۆن لێدەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە،لەبری ئەوەی وەک سەرۆکی فراکسیۆن، بەرگریی ئەخلاقی‌و یاسایی‌و پیشەیی لەئەندامانی فراکسیۆنەکەی بکات‌و بەگژ ئەوانەدا بچێتەوە، کە هەرەشە لەئەندامانی فراکسیۆنەکەی دەکەن‌و بوختانیان بۆ دەکەن، هەروەکچۆن بەبەرچاوی خۆیەوە، هەرەشە لەئەندامانی فراکسیۆنەکەمان‌و خودی خۆشی کراوەو ئەویش لەژێر هەرەشەی ئەو باندە سیاسییەدایەو لەکۆبونەوەی ئەمدواییەی فراکسیۆنەکەشماندا ئەم هەڕەشانەی نەشاردووەتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، سەرۆکی فراکسیۆنێک هێندە نەزان بێت بەرامبەر یاسا، لەرێگای دادنوسەوە هەرەشە لە پەرلەمانتاریک بکات و هێندە بێ هەڵوێست بێت بەرگری لە هاوپیشەکانی نەکات، کە لە لایەن سەرۆکی حزبەکەوە کراوینەتە ئامانج، ئەی چۆن بەرگری لە هاوڵاتیان دەکات لە بەرامبەر دەسەڵاتدا؟

دەقی نووسینەكەی (شادی نەوزارد):

بۆ رای گشتیی کوردستان، من شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری کوردستان-م لە فراکسیۆنی "نەوەی نوێ"، پێم گرنگە رای گشتیی کوردستان لە هەڵوێستێکی نایاسایی و هەرەشەئاسا لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ "کازم فاروق"، بخەمەروو، کە لەبری ئەوەی وەک سەرۆکی فراکسیۆن، بەرگریی ئەخلاقی و یاسایی و پیشەیی لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بکات و بەگژ ئەوانەدا بچێتەوە، کە هەرەشە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی دەکەن و بوختانیان بۆ دەکەن، هەروەک چۆن بە بەرچاوی خۆیەوە، هەرەشە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان و خودی خۆشی کراوە و ئەویش لەژێر هەرەشەی ئەو باندە سیاسییەدایە و لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی فراکسیۆنەکەشماندا ئەم هەڕەشانەی نەشاردووەتەوە، کەچی زۆر نابەرپرسانە و لەرێگەی دادنوسەوە، نامەیەکی نایاسایی و هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوم و هەرەشەی دورخستنەوەم لە فراکسیۆن لێدەکات، ئەگەربێتوو بەشداری کۆبونەوەی فراکسیۆنەکەمان لە ئۆفیسی سەرەکی "نەوەی نوێ"دا نەکەم، ئەمە لە کاتێکدا ئەو جێگایە بۆ من و چەند ئەندامێکی تری فراکسیۆنەکەمان جێگای متمانە نیە.

دواتر خۆ ئێمە فیرارمان نەکردووە و لە ئەشکەوت خۆمان نەشاردۆتەوە تا سەرۆکی فراکسیۆن بچێت لە رێگەی دادنوسەوە ھەڕەشە بکات و داوای کۆبوونەوە لە شوێنێکی گوماناوی نائەمین بکات.

من بە رایگشتی کوردستانی رادەگەیەنم: سەرۆکی فراکسیۆنێک هێندە نەزان بێت بەرامبەر یاسا، لەرێگای دادنوسەوە هەرەشە لە پەرلەمانتاریک بکات و هێندە بێ هەڵوێست بێت بەرگری لە هاوپیشەکانی نەکات، کە لە لایەن سەرۆکی حزبەکەوە کراوینەتە ئامانج، ئەی چۆن بەرگری لە هاوڵاتیان دەکات لە بەرامبەر دەسەڵاتدا؟



 



AM:10:49:16/05/2019