ژمارەیەک لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکوک دەستی لەکار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، تیایدا هاتووە "بارودۆخ وڕەوشی کەرکوک گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک، ئێستا هەرەشە لە سەر خاک وخەڵکەکەی دروست بووە، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵە ونادوربینی سیاسەتەکانی یەکێتی وپارتی وبێ هەڵوێستی لایەنەکانی تر بەرانبەر کەرکوک وناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان هاتووەتە ئاراوە".
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردوەو دەڵێن" ئێمە پێمان وایە وبزوتنەوەی گۆڕان لەسەردەستی ئەم سەرکردایەتیە لە ڕاستە ڕێگاکەی خۆی لایداوە کەلە پێناویدا دامەزرا".
ماوەیەکە بەتایبەتی لەو کاتەوە کە گۆڕان بڕیاری داوە بەشداری کابینەی نوێی حکومەت، دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆ و تاک روو لەزیادبوونە.