شاسوار عەبدولواحید چووە بەردەم دادوەر

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ئایاری ٢٠١٩ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گەتشتە دادگای سلێمانی و چووە بەردەم دادوەر.

بەر لە چونی بۆ دادگای سلێمانی،  شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند "سەبارەت بەو فەرمانی گرتنە، ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چووینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردووەتەوە".

 دەشڵێت "ئەمەی ئێمە و هاوڕێکانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەکانمانە، نەک باجی هەڵە! زۆرێک هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، بەلام ئازادانە دەسوڕێنەوە لەم وڵاتەدا".

سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە"گۆڕانکاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت، ئەوە دەیباتەوە کە باوەڕی بە خۆی و قەزیەکەی خۆی هەیە. هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە لە جاران بەهێزتر دەبین و کۆڵنادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە چەند ساڵێکی ترە، نەک ئەم وێستگە کاتییە بچوکانەی ئێستا، چونکە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، راستی و خاوەن هەڵوێستییە".

دوێنێ چوارشەممە 15-5-2019ـش دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتیی لە سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرد و رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردنەکە "لەسەر ماددەی 2 لە یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییە".

هەروەها شاسوار عەبدولواحید لەسەر سكاڵای پەرلەمانتار شادی نەوزاد و وتەی چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەچێتە دادگا کە مانگی رابردوو ئاماژەیان بەوەکرد، لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەستکاریکراویان لێکراوە.

دوای سکاڵاکەی شادی نەوزاد، ئاسایشی سلێمانی دوو سکرتێری شاسوار عەبدولواحید و 10 ئەندامی دیکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێی دەستگیرکرد، کە دواتر لە دانپێدانانەکاندا رایانگەیاند، لە سۆشیاڵمیدیای جوڵانەوەکە کاریان کردووە.






PM:01:56:16/05/2019