چەمچەماڵ دوو رۆژنامەنووسی کەناڵی KNN دەستگیرکران

لەسەر سكاڵای دوو بەرپرسی ئەمنی یەكێتی دوو میدیاکار کەناڵی (KNN) دەستگیركران، لە کاتێکدا ئەو دوو رۆژنامەنووسە داوای یاساییان لەسەر دوو بەرپرسە ئەمنییەکە هەبووە.

 ھەڵۆ ئەبوبەکر، بەڕێوبەری ژووری هەواڵی کەناڵی KNN لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦⁄٥⁄٢٠١٩ ھەریەک لە ئاری لوقمان پەیامنێر و هێمن ئەحمەد، كامێرامانی کەناڵەکەمان بەھۆی سکاڵای دوو بەرپرسی یەکێتییەوە لەلایەن پۆلیسی چەمچەماڵەوە دەستگیركران.

بەڕێوبەری ژووری هەواڵی کەناڵی KNN ڕاشیگەیاند "کێشەکە ئەوەیە لە ساڵی ٢٠١٠ تاوەکو ئێستا ئەو کەیسە یەکلای نەکراوەتەوە، ھەرچەندە دەبووایە دۆسیەکە یەکلای بکرایەتەوە و ئەو کەسانەی کە ھێرشیان کردووەتە سەر تیمی کەناڵی (KNN) بەپێی یاسا سزا بدرانایە، بەڵام بەداخەوە ئەو کەسانە دەستگیرنەکراون و ڕۆژنامەنووسەکانی ئێمە دەستگیرکراون".

ھەڵۆ ئەبوبەکر، وتیشی "دۆسیەی دەستگیرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بۆ خۆپیشاندانێکی ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە، ئەوکاتە ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی لەکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانێکدا ھێرشی توندیان ئاڕاستەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی (KNN) کردووە، دواجار ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئێمە سکاڵایان لە دژی ئەو بەرپرسانە تۆمارکردووە".



PM:09:36:16/05/2019