سەركردەیەكی داعش لەموسڵ دەستگیركرا

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئەمڕۆ یەكشەمە لە بەیانامەیەكدا دەستگیركردنی سەركردەیەكی داعشی لە موسڵ ڕاگەیاند.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاند "بەپێی زانیاریی وردی هەواڵگری، فەوجێكی هێزەكانی سواتی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا، سەركردەیەكی ناسراوی داعشیان دەستگیركرد كە بە جیهاد ئەنساری ناسراوە و، ئەمیری كەتەیبەكانی هاونهاوێژ بووە لە كەرتی دەشتی نەینەوا".

لە بەیاننامەكە ئەوەش خراوەتەڕوو "ئەنساری لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی ئەمنی لە بەری چەپی شاری موسڵ لەلایەن هێزەكانی سوات دەستگیركراوە".

ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بە هاوكاری وڵاتانی هاوپەیمان عێراق توانی سەربكەوێت بەسەر داعشدا، بەڵام بەمدوایانە چالاكیەكانی ئەو گروپە تیرۆرستیە لە هەندێك پارێزگای عێراق دەستیپێكردوەتەوە و بونەتە هەڕەشە بۆسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە.



PM:03:30:19/05/2019