وەزارەتی تەندروستی هۆکاری گرانبونی نرخی دەرمان ئاشکرا دەکات

له‌باره‌ی دەنگۆی زیادبوونی نرخی دەرمان لە دەرمانخانەکانی هەرێم، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشکرای دەکات، گرانبازاڕی دەرمان نەبوونی چاودێری و چاچنۆکی بازرگانەکانە.

دامه‌زراوه‌ی كوالیتی كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی نرخی ده‌رمانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، تیایدا هاتووە" هەرزانبازاڕی لە کەرتی دەرماندا نایاساییە، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و کۆگاکان و دەرمانخانەکانی تر لەلایەک و نەخۆش لەلایەکی تر، ئەنجامەکەشی قۆرخکاری و پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر دەبێت، هەروەها گرانبازاڕی و زیادکردنی نرخ لەسەر دەرمانیش هۆکاری زۆری هەیە له‌وانه‌ چاوچنۆکی بازرگانەکان و نەبوونی چاودێرییە لەسەر نرخی دەرمان لەبازاڕ".



ده‌قی ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌:
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی زیادبوونی نرخ لە دەرمانخانەکانی سلێمانی و کوردستان لەلایەن هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوکرایەوە .
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان KMCA ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەوڵی یەکنرخی و ڕێکخستنی نرخی دەرمان دەدات بەگوێرەی ئەو ستانداردانەی لەوڵاتانی دەوروبەر وەک (ئوردن ، لوبنان و سعودیە) جێبەجێدەکرێن ، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە جیاوازی نرخ و قۆرغکاری بازاڕ. چونکە لەناو بازاڕی دەرمان کۆمپانیاکان و کۆگاکان و دەرمانخانەکان خۆیان یاری بە نرخ دەکەن ، بەشێکیان نرخی دەرمانیان گرانە و بەشێکی تریان نرخیان هەرزانە، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر کەرتی دەرمان دروستکردووە و متمانەی هاونیشتیمانیانی بە دەرمان کەمکردۆتەوە.
ئەو دەرمانخانانەی نرخی دەرمان تیایاندا هەرزانە بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە ، لەوانە:
یەکەم : ئەو جۆرە دەرمانخانانە خەرجیان کەمە.
دووەم: هەندێک دەرمانخانە ئۆردەری زۆر داوا دەکەن و شیرینی لە کۆمپانیاکان وەردەگرن ، بەمەش نرخی دەرمانی پێدادەشکێنن.
سێهەم: بەکاریگەری شوێن و نرخ بەشێک لەدەرمانخانەکان فرۆشێکی زۆریان هەیە کە بۆ ڕاکێشانی کڕیاری زیاتریش قازانجیان و نرخیان زۆر کەم دەکەنەوە.
هەرزانبازاڕی لە کەرتی دەرماندا نایاساییە چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان و کۆگاکان و دەرمانخانەکانی تر لەلایەک و نەخۆش لەلایەکی تر، ئەنجامەکەشی قۆرغکاری و پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر دەبێت.
هەروەها گرانبازاڕی و زیادکردنی نرخ لەسەر دەرمانیش هۆکاری زۆری هەیە ، گرنگترین هۆکارەکان چاوچنۆکی بازرگانەکان ، نەبوونی چاودێریە لەسەر نرخی دەرمان لەبازاڕ ، ئەنجامەکەشی قورسکردنی ئەرکی سەر شانی هاونیشتیمانیانە.
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان KMCA لەرێگەی بەشی تۆمار_هۆبەی نرخدانان لەڕێی لیژنەیەکی باڵا لە دەرمانسازان ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەڵمەتی یەکخستن و ڕێکخستنی نرخی دەرمانی لەسەر ستانداردێکی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە بە ئامانجی نەهێشتنی قۆرغکاری و گرانبازاڕی و جیاوازی نرخ. دامەزراوەی کوالێتی کۆنتڕۆڵ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) لە هەموو شوێنە دەرمانسازیەکان دیاریدەکات ، لە:
١_ کۆمپانیاکان.
٢_ کۆگاکانی دەرمان.
٣_ دەرمانخانەکان.
ئەو ستانداردانەی KMCA پشتیپێدەبەستێت و بەکاریدێنێت بۆ یەکسختنی نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) :
١_ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) کە کارگەی بەرهەمهێنەر دەیفرۆشێتە کۆمپانیای هاوردەکار لە کوردستان.
٢_ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) لە وڵاتی بەرهەمهێنەر.
٣_ نرخی بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) لە وڵاتانی دراوسێ وەک (ئوردن ، لوبنان ، سعودیە).
٤_ نرخی CIF : بریتیە لەو نرخەی کۆمپانیای هاوردەکار لە کارگەی بەرهەمهێنەر تا دەگاتە کوردستان (بە نرخی کارگە و سەرجەم تێچوەکانی گواستنەوە).
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا دامەزراوەی کوالیتی کۆنتڕۆڵ لەسەر چەند ئاستێک نرخی دەرمانی کەمکردووە و ڕێکخستووە بەم شێوەیە:
١_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخەکانیان بە بڕی زیاتر لە ١٠٠% کەمکراوەتەوە.
٢_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخەکانیان بەبڕی ٥٠ – ٩٩ % کەمکراوەتەوە.
٣_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخەکانیان بە بڕی ٥٠ % کەمکراوەتەوە.
٤_ بەشێک لە بەرهەمە دەرمانسازیەکان (دەرمان و تەواوکەری خۆراکی) نرخیان نەگۆڕاوە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کوالیتی کۆنتڕۆڵ نرخی دەرمانی زیادنەکردووە بەڵکوو ڕێکخستن و یەکنرخی دەرمانە و نەهێشتنی قۆرغکاری بازاڕە بەناوی هەرزانی و خێرخوازی.



PM:10:27:19/05/2019