حكومەتی هەرێم وادەی‌ پێدانی‌ سێ‌ موچە ئاشكرادەكات

وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زانیاری‌ نوێ‌ لەبارەی پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا و پرسی‌ ناردنی‌ موچە ئاشكرادەكات دەشڵێت "ئەگەر گەیشتینە ڕێككەوتن ئەوكات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".

سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ لەدەنگی ئەمریكا، دەڵێت "حكومەتی عیراق لە ساڵی 2019 سێ موچەی ناردووە كە بێ پاشەكەوت دابەش كراوە، یەك موچەیان بۆ مانگی 12ی 2018 بەبێ پاشەكەوت دراوە".

هەروەها دەڵێت: بۆ ئەو سێ مانگەش كە ئێستا موچە دواكەوتووە، واتە پێدانی موچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینارە كە موچەی سێ مانگەكەی پێ بدرێت و موچە ڕێك بێتەوە بكەوێتەوە سەر سكە، ئێستا ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست حكومەتی هەرێم نیە، هیوادارین لەگەڵ بەغداد بگەینە ڕێككەوتن كە حكومەتی عیراق بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ئەو ماوەیەی لەهەرێمی بڕی لە 2014 بداتەوە هەرێم، ئەگەر گەیشتینە ڕێككەوتن ئەوكات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران.

لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، وتەبێژی‌ حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە "حكومەتی هەرێم ماوەی ساڵێك زیاترە بەنوسراو، بەفەرمی، بە لێدوان و قسەش ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ گفتوگۆكران و چارەسەركردنی كێشەی نەوت، بەڵام دەبێت بەغداد كاتی كۆبونەوەكە دیاری بكات، هەرێمی كوردستان لەڕووی پرنسیبەوە هیچ كێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە كە ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغداد بكات، بەڵام كۆمەڵێك بابەتی تر هەیە كە پێویستە لەو پڕۆسەیە چارەسەربكرێت، تا بتوانرێت ئەو دڵە ڕاوكێیە و ئەو گرفتە و ئەو "مقۆ مقۆیە" كە هەندێك لایەن نانی خۆیانی پێدەخۆن لە پەرلەمانی عیراق بەتایبەت حزبە عیراقیەكان نەهێڵرێت."

سەفین دزەیی لەبارەی‌ بەغداو هەرێم دەڵێت "لێكتێگەیشتنێكی باش لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە پاش ئەو گرژییانەی لە چەند ساڵی ڕابردوو دروست بوو لەنێوان هەولێر و بەغداد، ئیرادەیەكی سیاسی لەنێوان هەردوولادا(هەولێر و بەغداد) هەیە بۆچارەسەركردنی گرفتەكان."

دەربارەی كێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغداد، دزەیی دەڵێت ‌"سەبارەت بەنەوت ئەوە بەپێی دەستوری عیراق جیایە، لەهەمانكاتدا بڕگەیەك لەیاسای بودجە هەیە سەبارەت بەناردنی موچە نەك بودجە، بەڕاستی ئەو (525)ملیار دینارەی لەبەغدادەوە دێت بەشی موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم ناكات دەبێت حكومەتی هەرێم 350 ملیار دیناری تر بخاتەسەر ئەو بڕە پارەیە تا بتوانێت موچە بەبێ پاشەكەوت بدات لەو 525 ملیارە، 68 ملیاری بۆ پێشمەرگە تەرخان كراوە كە تائێستا ئەو بڕە پارەیە نەهاتۆتە كوردستان، تائێستا ئەو موچەیە لەبەغدادەوە هاتووە ئەوەش وایكردووە كە بەتەواوی پاشەكەوتی موچە نەمێنێ."

وتەبێژی حكومەتی هەرێم سەبارەت بەڕادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە بەغداد وتی "هەرێمی كوردستان لەڕووی پرنسیبەوە هیچ كێشەی لەگەڵ ئەوەدا نیە كە ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغداد بكات، بەڵام كۆمەڵێك بابەتی تر هەیە كەپێویستە لەو پڕۆسەیە چارەسەربكرێت".


دزەیی بەپێویستی‌ دەزانێت دانیشتنێكی‌ تایبەت بەپرسی‌ نەوت و چارەنووسی‌ ئەو كۆمپانیایانەی‌ لەگەڵ هەرێمیشدا گرێبەستیان كردوە ئەنجامبدرێت و رایدەگەیەنێت: بابەتی ڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان پەیوەندی هەیە بەبودجەوە نەك موچە، چونكە بڕگەیەك لە یاسای بودجەدا هەیە كە حكومەتی عیراق پابەند دەكات بەپێدانی موچە، بەدڵنیاییەوە پێویستە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و بكرێت لەنێوان هەولێر و بەغداد لەسەر ئەو بڕە نەوتەی دیاریكراوە بەپێی بودجەی عیراق كە هەرێم ڕادەستی بەغدادی بكات ڕۆژانە، ئەمەش پەیوەندی هەیە بەو دانیشتنە تایبەتیەی كەپێویستە لەنێوان هەولێر و بەغداد ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا نەكراوە.

سەبارەت بەوەی بۆچی تائێستا ئەو كۆبونەوەیە نەكراوە لەسەر بابەتی نەوت، رایدەگەیەنێت "ماوەی ساڵێك زیاترە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنوسراو، بەفەرمی، بە لێدوان و قسەش ئامادەیی خۆی پیشان داوە و چەندینجاریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كاتی ئەو دانیشتنە دیاریكراوە، بەڵام دواتر دواخرا، وەك حكومەتی هەرێم ئامادەین هەركات ئەو دانیشتنە بكرێت".

لەسەر لێدوانی‌ فوئاد حسێن وەزیری‌ دارایی‌ حكومەتی عیراق كە رایگەیاند موچەی چوار مانگی ئەم ساڵی هەرێمی كوردستانی ناردووە، دزەیی دەڵێت: ئەكید چوار مانگ نییە سێ مانگە، دەبێت حسابی ئەوەش بكرێ كە لەمانگی 3ەوە موچە هاتووە، لەسەرەتای مانگی شەش موچەی مانگی 3 دەدرێت لەبەرئەوەی تائێستا 68 ملیار دینارەكەی پێشمەرگە لەبەغدادەوە نەهاتووە، بۆیە حكومەتی هەرێم لەو 525 ملیار دینارە موچە دەداتە، بۆیە هەرێم خۆی دەبێت نزیكەی 440 ملیار دینار بخاتەسەر پارەكەی‌ بەغدا تا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ پاشەكەوت دابەش بكات، هیوادارین لەسەرەتای مانگی شەش حكومەتی عیراق ئەو بڕە پارەیەی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت تابتوانرێت لە پێش جەژن موچە دابەش بكرێت.



PM:01:51:20/05/2019