ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.
د. بەشیر حەداد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكە رایگەیاند لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق باسمان لە كێشەكانی سەرگەڕان و پەلكانە و گوندەكانی دەوروبەری كەركووك و كێشەی هاوردەكردنی عەرەبەكان بۆ وەدەرنانی كوردەكان كە زەوی خۆیانە كردووە و "بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو كێشانە دراوە".
حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك هەندێك لێپیچینەوەی ئیداریی دەكات كە پێچەوانەی یاساكانن و داوامان كردووە سنوور بۆ ئەو پێشێلكاریانە دابنرێت.
لەبارەی كێشەی گەنمی جووتیاران، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ووتی "بە سەرۆك وەزیرانمان ووت كە چیدی ناكرێت ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت و دەبێت پارەی شایستە داراییەكانی جووتیاران خەرج بكرێت، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەڵێنی خەرج كردنی پارەكەی بەمنزیكانە داوە".
ئاماژەی بەوەشدا، لە كۆبوونەوەكە بە عادل عەبدولمهەدیان وتووە، گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەماهەنگی هەرێم و بەغدا، تاكە رێگای چارەسەكردنی كێشەكانی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان.
هاوكات بەهار مەحموود، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "داوامان كردووە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی كێشە سیاسییەكان نەكرێت و ئەوانیش ئەمەیان پەسەند كردووە و بەڵێنیان داوە ناردنی مووچە بەردەوام بێت".