حکومەتی هەرێم: لە هەرێم هیچ ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر ناکرێت بەبێ بڕیاری دادگا

دیندار زێبارى، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێم، وەڵامى ڕاپۆرتێکى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاى دایەوە و ڕایگەیاند، لە هەرێمدا هیچ ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرناکرێت بەبێ بڕیاری دادگا.

لە ڕاگەیەنراوێکدا دیندار زێبارى ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە، هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە ئەشکەنجەی خەڵکیاننەداوە و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کەسدا نەکردووە و سوکایەتیان پێنەکردوون، وتیشی "تا ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە کە ئاسایش بەندکراوێکی لابێت و ڕەتیبکاتەوە ڕێکخراوەکان چاویان پێی بکەوێت".

دیندار زێبارى ڕاشیگەیاند، ئاڕاستەکردن و ساغکردنەوەی تۆمەت لەسەر هەرێم بەبێ بوونی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پێشینەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت، لە هەرێمدا هیچ ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرناکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و ڕەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسان، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا چەندین ڕۆژنامەنووس بەبێ فەرمانى دادوەر دەستگیرکراون.

لەمانگى ئازارى ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان بڵاوکردەوە، کە بەشێکی ڕاپۆرتەکە تەرخانکراوە بە عێراق و هەرێم و تێیدا رەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرێت بەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا پێشێلکاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ کردووە.


PM:05:14:20/05/2019