کادیرێکی دیاری پارتی: گۆڕان بۆتە دەمڕاستی دەسەڵات

رۆژنامەنووسی دیاری پارتی، رێبوار کەریم وەلی لە وتارێکدا دەڵێت " بزووتنەوەی گۆڕان لە ماهییەتی بنچینەیی خۆی لایداوە و، بەرگری لە دەستكەوتەكان و بەركەوتەكانی حوكمڕانی دەكات. بەوەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووەتە دەمڕاستی دەسەڵات".

لە نووسینە هەفتانەکەیەدا لە ماڵپەڕی رووداو کە بەناونیشانی " یەکێتیەکان گەڕانەوە خاڵی سفر "، رێبوار کەریم وەلی رۆژنامەنووسی پارتی نووسیوویەتی "دەست لەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی كادیر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان، دەلالەتە لەوەی كە بزووتنەوەكە لە ماهییەتی بنچینەیی خۆی لایداوە و، بەرگری لە دەستكەوتەكان و بەركەوتەكانی حوكمڕانی دەكات. بەوەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووەتە دەمڕاستی دەسەڵات. پێگەی جەماوەریی گۆڕان (تەنانەت كادیرانیشیان) بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر كەوتووەتە ژێر هەژموونی پارتی و یەكێتی و هەندێكیان لەبەر عەیبە نەبێ، دەچنە ناو ئەو حزبانەوە".

ئەو رۆژنامەنووسە لەسەر گۆڕان زیاتر دەڕوات و پێیوایە "لەگەڵ پێكهاتنی حكومەتیش، ژمارەیەكی دیكە لەوانەی كە ئومێدی ئەوەیان هەبووە پێگەیەكیان بەركەوێ و بەریان نەكەوێ، خیلافاتی ناو گۆڕان قووڵتر و بەرەو ئینشیقاق دەبەن. ئەوە بە زەرەری پارتی و لە قازانجی یەكێتییە".

وتاری ئەم هەفتەیەی کە تایبەتە بە قسەکردن لەسەر یەکێتی و گۆڕان، لەسەر یەکێتیش دەڵێت" یەكێتییەكانیش وەكو پارتی لە دیاریكردنی هەندێك كەس بۆ هەندێك پۆست لەژێر گوشاری ئیقلیمیدان و ئێران رازی نییە هەندێك پۆستی ئەمنیی باڵا دەستاودەستیان پێ بكرێ، ئەوەش وایكردووە كە دابەشكردنەكان هەر رۆژە بە جۆرێك بێت. نموونەیەكی سادە ئەوەیە كە لەكاتێكدا هەمووان پێشبینیی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن، لەپڕ جارێكی دیكە ناوی قوباد تاڵەبانی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دێتەوە گۆڕێ. هەمان ئەم تەڕحە لەسەرەتاوە لەناو یەكێتیەكاندا هەبوو كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەربگرێ و دەرباز كۆسرەت رەسوڵیش ببێتە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و، پۆستە وەزارییەكانی دیكە بە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پڕ بكرێنەوە. هەر بۆیەشە ئێستا بەشێكی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەكان بەدوای پۆستەوەن كە لە رابردوودا كەمتر ئەو حەزەیان هەبوو".




PM:10:09:20/05/2019