کەرکوک .. پارتی وەلآمێکی توندی یەکێتی دەداتەوە

لقی سێی پارتی وەلآمێکی توندی مەڵبەندی یەکێتی لەبارەی هاوكاری و هاوئاهەنگی نێوان مەڵبەندەكەی یەكێتی و راكان سەعیدی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەداتەوەو، یەکێتی تۆمەتباردەکات کە رێککەوتنی نهێنیان لەگەڵ راکان سەعیددا راستە.

ئەمشەو لقی 3ی پارتی لە راگەیاندراوێکدا نووسیویەتی " لە ڕێككەوتنەكەی 16ی ئەم مانگەدا، پۆستی جێگری پارێزگاری كەركووكتان بۆ بواری خزمەتگوزاری وەرگرتووە و داوتانە بە كەسێكی خۆتان، (مەبەستی گرووپی 16ی ئۆكتۆبەرە)، دووبارە دەپرسێتەوە ئەگەر ئەوە پەیوەندیی راستەوخۆ نەبێ لەگەڵ پارێزگاری سەپێندراودا، چیە؟".

هەروەها هاتووە " هەموو كورد دەزانن ئێوەی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر هەوڵ دەدەن لە راگەیاندنەكاندا خەڵك چەواشە بكەن، كەچی رۆژی 16ی ئەم مانگە ژێربەژێر لەگەڵ راكان سەعید ڕێككەوتوون بۆ ئەوەی تا هەڵبژاردنی داهاتوو لە پۆستی پارێزگار بمێنێتەوە".

ئەمڕۆ یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رەتیكردەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ راكان سەعید پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكدا هەبێت و، هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵدا ئەنجام دابێت.

دوێنێ ١٩ ی ئایارراكان سەعید  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا بە میدیاكانی راگەیاند"لەگەڵ یەكێتیدا ڕێككەوتنیان كردووە و بە هاوبەشی كار دەكەن."



PM:11:24:20/05/2019