تورکیا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دادوەرێکدا سەپاند

بە تۆمەتی سەرپەرشتی كردنی رێكخستنەكانی فەتحوڵا گولەن، دادوەرێكی باڵای توركیا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

دادوەر مستەفا تەپەلەدن، ئەندامی پێشووی دادگای باڵای توركیا، بە تۆمەتی سەرپەرشتیكردنی رێكخستنەكانی فەتحوڵاگولەن رێبەری رەوتی خزمەت کە حکومەتی تورکیا تۆمەتباری دەکات بە تێوەگلانیان لە هەوڵدان بۆ كودەتا سەربازیەكەی ساڵی 2016 لە توركیا، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێرا.

فەتحوڵا گولەن، رێبەری رەوتی خزمەت، لە ساڵی 1999 ەوە تا ئێستا لە ویلایەتی  پێنسیلڤانیای ئەمریکا نیشتەجێیە، دوای ئەوەی ساڵی 2016 هەوڵدرا كودەتایەكی سەربازی لە توركیا ئەنجامبدرێت، حكومەتی ئەو وڵاتە بەتۆمەتی تێوەگلانی لەو كودەتایە تۆمەتباری کرد، هەرچەندە گولەن رەتیكردوەتەوە كە پەیوەندی هەبوبێت بە كودەتە سەربازییەكەی توركیاوە.

هەروەها لەو کاتەشەوە هەر كەسێك نارەزایی دەرببڕێت بە تۆمەتی ئەندامبون لە رێكخراوی فەتحوڵا گولەن دەستگیر دەكرێت و روبەڕوی زیندان دەكرێتەوە. 

توركیا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا داوای لە ئەمریكا كردوە گولەن-ی رادەستبكاتەوە، كە لە ئێستادا لە و وڵاتە دەژی، لە بەرامبەردا واشنتن داوای لە ئەنقەرە كرد بەڵگەی پێویستی رادەست بكات لەبارەی تێوەگلانی گولەن لە كودەتاكەی ئەو وڵاتەدا.





AM:12:31:21/05/2019