دارایی لەبارەی وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی سێ ڕوونكردنەوە دەدات

دەنگۆی پێشخستنی دابەشكردنی موچەی مانگی سێی موچە خۆرانی عێراق لە بەشێك لە میدیكان بڵاودەبێتەوە و پەرلەمانتارێكی لیژنەی داراییش ڕوونكردنەوە دەدات.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ "سپی میدیا" هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردوە كە باس لە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دەكەن پێش جەژنی ڕەمەزان.

وتیشی "لە عێراق وادەی دابەشكردنی موچە دیاریكراوە و تا ئێستا هیچ بابەتێكی لەو جۆرە باس نەكراوە كە بەر لە جەژن موچەیەكی دیكە بە فەرمانبەرانی عێراق بدرێت".

سەبارەت بە ئەگەری ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە جەژن وتی "هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان هەرێم و بەغدا لەوبارەیەوە نەكراوە تا بەر لە جەژن موچە بنێردرێت بۆ هەرێم".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە بەشێك لە میدیاكان دەنگۆی پێشخستنی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ پێش جەژنی ڕەمەزان بڵاوكرایەوە.

هاوكات لە میدیاكانی هەرێمیشەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت ئەگەر بەغدا بەر لە جەژن موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكات دابەش دەكرێت.



PM:02:19:21/05/2019