عەبدوڵای كوێخا موبارەك: یەكێتی و گۆڕان ژێر بەژێر گفتوگۆ دەكەن

عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان رایگەیاند، دەنگۆ و زانیارییەك هەیە یەكێتی و گۆڕان ژێر بەژێر گفتوگۆ دەكەن بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و دەڵێت "یەكێتی داوا دەكات گۆڕان بەتەواوی لە پارتی دور بكەوێتەوە و پشتی لێبكات بچێتە پاڵ یەكێتی".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كە ساڵی رابردو دەستلەكاركێشانەوەی ڕاگەیاند "ئێمە كاك نەوشیروان وادەبینین كە مەرجەعێكە، كاریزمایەكە و خاوەن فكرێكە، نابێت تێكەڵی هیچ ململانێیەكی نێوخۆیی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و تەنانەت ململانێی نێوخۆیی ناو كوردستانیش بكرێت، دەبێت وەك ماندێلا و غاندی كورد سەیری بكەین، میراتی نەوشیروان مستەفا مێژو، كتێب و فكرەكەیەتی نەك كۆمپانیا و سەروەت و سامان".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك بە "دەنگی ئەمریكا"ی راگەیاندوە، "ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بەلای هەندێك خەڵكەوە دەرفەتێكی گەورە بو بۆ پێكهاتنەوەی ئەم دوو بەرەیەی گۆڕان (بەرەی دەسەڵاتی ئێستای گۆڕان، وە بەرەی ناڕازی گۆڕان)، بەڵام هەندێك لەسەركردە ناڕازییەكانی ئێستای گۆڕان، كە ئێمە پێكەوەین ئەوان ئەزمونیان زیاترە وە نا ئومێد بون لەوەی كە ئەو بەرەیەی ئێستا دەسەڵاتی گۆڕان بەڕێوە دەبات".
ئاماژە بەوەشدەكات، "هەندێك لە سەركردە ناڕازییەكان ڕۆژێك پێشتر بەشدارییان كرد، بەڵام من بۆچونم جیاواز بو وتم هەم ئەمە بكەینە دەرفەتێك و هەم جەماوەرەكەشمان لەوێ ببینین، بەڵام ڕای ئەو برادەرانەی ڕاست دەرچو، من شەخسی خۆم كە چوم هیچ هەڵوێستێك و پێشوازییەكم لێییان نەبینی، بگرە گشتیان ڕویان دەكرد بەو لاوە، مەبەستم ئەوانەی خانەی ڕاپەڕاندن و كوڕەكانی كاك نەوشیروانە، ئەگەرنا ئەوانی تر گەرم و گوڕبون".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك رونیدەكاتەوە، "ئەوەی من بینیم ئەوەیان لێ نەدەخوێنرایەوە كە ئەو یادە بكەنە دەرفەتی پێكهاتنەوەی هەردوو بەرەكەی گۆڕان، تەنانەت من واچوم بە ئامانجی یەكگرتنەوە و پێداچونەوە بە هەڵەی هەردولامان، بەڵام تەنانەت نەك هەر بەدەممەوە نەهاتن بەڵكو ڕەنگە پێشیان ناخۆش بوبێت، ئامانجێكی ترم ئەوە بو كە لەگەڵ جەماوەرەكە كە بە جەماوەری كاك نەوشیروانیان دەزانم لە نزیكەوە یەكتر بیبینین."

هەڵسوڕاوە باڵا ناڕازییەكەی گۆڕان باس لەوەدەكات، "دەنگۆیەك هەیە ئەگەر ئەو دەنگۆیە ڕاست بێت ئەوا زۆر لەو یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە كارەسات بارترە، كە بە دڵی بنەماڵەی بارزانی بو، ئەویش ئەوەیە كە یەكێتی و گۆڕان ژێر بەژێر گفتوگۆ دەكەن، بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بێدەنگەی لێبكات تا حكومەت لەگەڵ پارتی پێكدەهێنێت، پۆست و ئیستحقاقەكەی خۆی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی پارتی نیگەران و كاردانەوەی نەبێت تا پلە و پۆستەكانی وەردەگرێت لە حكومەت".

كوێخا موبارەك دەڵێت، "یەكێتی دەیەوێت هاوسەنگی هێز بگەڕێنێتەوە، هەروەك چۆن لە شەڕی ناوخۆ وابو، داواكاری یەكێتی دوركەوتنەوەی گۆڕانە لە پارتی و چونە پاڵ یەكێتیە، داواكاری سەركردایەتی ئێستای گۆڕانیش ئەوەیە كە لە هەردو بەرەكە بخوات وە مامەڵەكە زیاتر ئێستا لەسەر پارەیە".

لەبارەی ئەوەی ئەو دەنگۆ و بانگەشانە ئایا بنەمای ڕاستی هەیە؟ یان تەنها لەبەر ئەوەی ئێستا تۆ نەیاری سەركردایەتی ئێستای گۆڕانی وادەڵێیت؟ عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە وەڵامدا دەڵێت، "نەخێر من نەیاری گۆڕان نیم، بەڵام ئەگەرچی بەڵگە نیە تا ئێستا بەڵام ڕون دەبێتەوە، دەنگۆكە بەم شێوەیەیە، بەڵام ئێمە بەدواداچونی وردی بۆ دەكەین لە ئێستادا تا بگەینە ڕاست و دروستی، چونكە ئەوە ئەگەر ڕاست بێت ئەو مامەڵەكردنە وەك وتم زۆر لە ڕازی بوون بەهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كارەساتبارترە".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەوەشی وت، "ئەگەر ئەمەی یەكێتی ڕاست بێت، دەبێت بەرەی ناڕازی زوو فریا بكەون و بەرەیەك دروست بكات، تا گۆڕانخوازان پەرتەوازە نەبن گۆڕانخواز بە هیچ شێوەیەك ئەوەی قبوڵ نیە، كە تەقەكردن لە گردەكە و وێنەی نەوشیروان مستەفا بفرۆشرێتەوە، هەندێك قسەو باس سەریهەڵداوە لە نێوان هەردولادا كە گومانەكە ڕاستر دەكاتەوە".



PM:03:05:21/05/2019