دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، بەهۆی دزیکردن لە مزگەوتی گۆڕستانی گشی حاجیاوا دوو کەس دەستگیردەکرێن.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە هەژمارە تایبەتییەکەیان ڕایگەیاند" ئەمڕۆ سێشەممە 21 ئایار دوای ئەوەی هەواڵدەرێک سەردانی بنکەی پۆلیسی ماکۆکی کرد لە ناحیەی حاجیاوا پێی ڕاگەیاندین کە دزی لە مزگەوتی گۆرستانی گشتی حاجیاوا کراوە دەرگاکانی مزگەوتەکە و هەندێک کەلو پەلی ئاسنی مزگەوتەکە لێکراوەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، دەست بەجێ ڕێکاری یاسایی گیرایە بەر و مەلەفی لێکۆڵنەوە کرایەوە و بڕیاری دادوەر بەدەستهات بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەوڵدان و بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک دوو کەس دەست گیرکران کە هەردوکیان تەمەنیان لە خوار ۱۸ ساڵە و لە ڕەگەزی نێرن و دانیشتوی ناحیەی حاجیاوان، لە بەردەمی پۆلیس و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەکەیان کە هەستاون بە لێکردنەوەی دەرگاکانی مزگەوتی گشتی گۆڕستانی حاجیاوا هەندێک کەلوپەلی ئاسنیان بردووە و دواتر بە ئاسنەواڵە فرۆشتویانە.

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاند" هەردوو تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".



PM:11:18:21/05/2019