" زیاتر لە ٤٠ دۆسیەی گەندەڵی لەسەر نەجمەدین کەریم لە داداگاکانی عێراق هەیە"

لەگەڵ دەستگیرکردنی د. نەجمەدین کەریم کۆنە پارێزگاری کەرکوک لەبەیروت، ناوەندە سیاسیەکانی کورد بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پێیانوایە لەبەر هەڵکردنی ئالآی کوردستان لە کەرکوک دەستگیرکراوە، هەندێکی تریان پێێیانوایە لەسەر دۆسیەی گەندەكی دەستگیرکراوە.

سەرچاوەیەکی کوردی لە بەغدا کە نەویست ناوی ئاشکرا بکات بە سپی راگەیاند د. نەجمەدین کەریم لە دادگاکانی عێراق زیاتر لە ٤٠ دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە، کەیەکێک لەو دۆسیانە مەسەلەی پەترۆدۆلارە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک ناوەندی تری سیاسی باس لەوە دەکەن لەسەر هەڵکردنی ئالآی کوردستان لە کەرکوک، کەیسێکە لە دادگاکانی عێراق.

د. نەجمەدین کەریم لەسەر داوای تاڵەبانی گەڕایەوە بۆ کوردستان و کرا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و، دواتر وەک کاندیدی ئەو حیزبە بۆ پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا، بەلآم لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا لە کاتی کۆنترۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بە رێککەوتن لەگەڵ باڵێکی یەکێتی، ناوبراو هەڵهات بۆ هەولێر و لەژێر سایەی پارتیدا مایەوەو چەند جارێک سەردانی ئەمەریکا و ئەوروپای کرد، ناو بەناویش لە مدیاکانی پارتی و کەمتر لە کەناڵی NRT دەرکەوت. 

ئەمشەو ناوبراو لە بەیروت لە فڕۆکەخانە دەستگیرکرا، تا ئێستا شیکردنەوەی جیاجیا بۆ دەستگیرکردنەکەی لەهەرێم و سەرتاسەری عێراق دەکرێت. 




PM:11:29:21/05/2019