مەلا بەختیار بەرپرسانی کورد لەبەغدا بە تەها محێدین مەعروف دەچووێنێت

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی کە ئێستا دانیشتووەو کاری حیزبی ناکات، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەگەر بەرپرسانی کورد لە بەغدا لەسەر تەعریب هەڵوێستیان نەبێت، ئەو بە تەها محێدین مەعروف دەیانچووێنێت.( تەها محێدین مەعروف بەرپرسێکی کوردی بێ دەسەڵاتی سەردەمی رژێمی عێراق بوو).

ئەمڕۆ ٢٢ی ئایار مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لەبەردەم كۆمەڵێك كەسایەتی سنووری كۆیە و دەوروبەریدا، رەخنەی لە بارودۆخی ئێستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گرت كە پرۆسەی تەعریبی تێدا دەست پێكردووەتەوە، باسی تەعریبی نوێ‌‌ و سوتاندنی دەغڵودانی كوردانی ناوچەكەی كرد.

مەلا بەختیار لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تەعریبەوە رەخنەی توندی لە بەرپرسانی كورد لە بەغدا گرت و بە تەها محێدین مەعروف وەسفی كردن و دەڵێت "بە بەرچاوی حكومەتی عێراقی، بە قافڵەی چەك‌ و بیكەیسی دێن و بە رۆژی رووناك لەبەردەم تەلەڤزیۆنەكان، بە جوتیاری كورد دەڵێن خواحافیز بڕۆن ئەمە هی ئێمەیە... دەبوو ئێمە كورد لە یەكەم چركەساتی سەرهەڵدانەوەی تەعریبی نوێ‌، هەڵوێستێكی بەرپەرچدانەوەی توندمان هەبێ‌".

ئەو پێیوایە ئەو جموجۆڵ و بەرپەرچدانەوەی کورد بەرامبەر تەعریب هەیەتی دەبێت ببێتە پرۆژەیەكی گشتگیری نەتەوەیی و، دەڵێت" ببێ‌ بە پرۆژەیەكی گشتگیری سیاسی، ببێ‌ بە پرۆژەیەكی گشتگیری یاسایی، لە پەرلەمانی عێراق، لە پەرلەمانی كوردستان، لە حكومەتی كوردستان و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە كاربەدەستی ئێمەن لە بەغدا، هەموو ئەمانە دەبێ‌ باش باش بزانن، لەسەر تەعریبی نوێ‌ هەڵوێستیان نەبێ‌، بێگومان هیچ جاوازیەكیان لەگەڵ تەها محێدین مەعروف) و ئەوانەدا نابێ‌!".

بەدرێژیی حوکمی رژێمی بەعس لە چەند مێژوویەتی جیاجیادا پرۆسەی تەعریب و دەرکردنی هاوڵاتیانی کورد لەسەر موڵک و ماڵی خۆی، سیمایەکی دیاری ئەو رژێمە بووەو لەدوای رووخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا کورد گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە جارێکی تر تەعریب لەناوچە جێناکۆکەکان وردە وردە دەستیپێکردۆتەوە. 



PM:07:54:22/05/2019