وەزیری دارایی عێراق: چوار موچەمان بۆ هەرێم ناردووە

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، هەرچەندە چوار موچەیان بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام پارەی دوو مانگی دابەشکراوە و پێویستە هەرێم ئەو پرسە چارەسەر بکات.

فوئاد حسێن، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلشەرقییە" ڕایگەیاندووە، تا ئێستا پارەی چوار مانگی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم نێردراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە، دابەشکردنى موچە لە وادەى خۆى دواکەوتووە و، پێویستە هەرێم ئەوە چارەسەر بکات.

جەختیکردەوە، بەغدا بەپێی یاسای بودجەی عێراق، پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە و لەم نزیکانەشدا موچەی مانگی پێنجیش دەنێرن، هەرێم دەزانێت ئەگەر نەوت رادەستنەکات، تەواوى بەشە بودجەى بۆ رەوانە ناکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە پرسی نەوت قەیرانێکى قوڵ و مەترسیدارە لە نێوان هەرێم و بەغدا و پێویستە گفتوگۆیەکى جددى بکرێت بۆ چارەسەرکردنى، ئێستا دۆخە سیاسییەکە لەبارە بۆ چارەسەرکردنى، لە دوای جەژنی ڕەمەزانیش شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و هەوڵی ڕێککەوتن دەدەن لەسەر پرسی نەوت.

لەبارەى داهاتى نەوتى هەرێمیشەوە، فوئاد حسێن دەڵێت بەشێک لە داهاتى نەوتى هەرێم دەدرێتەوە بە قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرزى ناوخۆیی.

بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم بە تەواوی بنێرێت، بەڵام تا ئێستا هەرێم ئەو بڕە نەوتەی ڕادەست نەکردووە.


PM:05:15:25/05/2019