نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پیشووی عێراق هەڵوێستی خۆی له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران راگه‌یاندو وتی" چیتر زمانی بێلایه‌ن په‌سه‌ندكراو نییه و ناتوانین له‌و پرسه‌دا بێلایه‌ن بین".
نووسینگه‌ی رۆژنامەوانی نوری مالیکی سه‌رۆك وه‌زیرانی پیشووی عێراق لە بەیانامەیەکدا رایگەیاند "له دیدارێكی نوری مالیكی و محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی سیاسی و ئه‌منی عێراق كراوه‌و، تاوتوێی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه كراوه، كه به‌هۆی گرژییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران رووبه‌ڕووی ناوچه‌كه بوونه‌ته‌وه".
مالیكی جەختیکردوەەوە، ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاتی گه‌وره بووه‌ته‌وه و پێویسته هه‌وڵ بۆ هێوركردنه‌وه بدرێت و زمانی هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگ و په‌نابردنه به چه‌ك دوور بخرێته‌وه ،هیواشی خواست هه‌وڵه‌كانی عێراق بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران سه‌ركه‌وتوو بن.
سه‌رۆك وه‌زیرانی پیشووتری عێراق هه‌ڵوێستی خۆشی له‌باره‌ی ئه‌و گرژیانه نه‌شارده‌وه و وتی "له‌كاتێكدا ئێران له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌كانی رایگه‌یاندووه كه جه‌نگ ره‌تده‌كاته‌وه، هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندن به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و گرژییه‌كان، به‌مه‌ش زمانی بێلایه‌نی چیتر په‌سه‌ند نییه، به‌ڵكو پێویسته پشتگیری ئه‌و لایه‌نه بكه‌ین، كه جه‌نگ ره‌تده‌كاته‌وه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا داوای جه‌نگ ده‌كات و نایه‌وێت پشتیوانی لێ بكات.
مالیكی داواشی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران کرد، "گرنگی به به ئه‌رك و كاره‌كانی له ده‌ركردنی یاسای گرنگ بدات و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له ناكۆكۆ سیاسی دوور بخرێته‌وه و دۆخێكی ئه‌رێنی له نێوان كوتله په‌رله‌مانیان بڕه‌خسێندرێت و هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌رز له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌بێت، بۆ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی گرنگییان بۆ هاووڵاتیان هه‌یه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، پێشتر چه‌ندین جار لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق به باڵی چه‌كداری و سیاسییه‌وه داوایان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه، یاسایێك ده‌ربكات، كه بوونی هێزه بیانییه‌كان له عێراق قه‌ده‌غه بكات، به تایبه‌ت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه به گوێره‌ی سه‌رچاوه میدیایی و سیاسیه‌كان، لایه‌نه شیعه‌كان له ژێر كاریگه‌ری ئێران ئه‌و فشارانه‌یان له سه‌ر په‌رله‌مان چڕكردبوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌ربكه‌ن و هیچ كاریگه‌ریه‌كیان به‌سه‌ر هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامییه‌وه له‌و وڵاته نه‌مێنێت.