پێش جەژن مووچەیەکی دیكەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەکرێت

وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رایگەیاند" پێش جەژن مووچەیەكی تری مووچەخۆرانی هەرێم دابەشدەكرێت ".

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەریدا كە بۆ هەریەكە لە رێباز حەملان وەزیری دارایی و سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەت و ئامانج رەحیم سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم لە هەولێر سازكرا وەزیری دارایی ئاشكرای كرد كە تا ئێستا پێنج بڕە پارە لە بەغداوە هاتووە، بەڵام بۆ جەژن لە بەغداوە پارە نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێش جەژن دەستدەكەین بەدابەشكردنی مووچەیەكی نوێ.
 
وەزیری دارایی راشیگەیاند، لە ساڵی 2018، حكوومەتی عێراق نۆ جار مووچەی ناردووەتە هەرێمی كوردستان، كە ناردنەكە لە مانگی 4 دەستی پێ كرد، لەكاتێكدا دەبوو مانگانە 317 ملیۆن دینار بنێرێت.

لەبارەی مووچەی ساڵی 2019، حكوومەتی عێراق دوو تریلیۆن و 266 ملیار دیناری بە پێنج قۆناغ ناردووەتە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕی یەك تریلیۆن و 831 ملیار دیناری خستووەتە سەر بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان.

رێباز حەملان ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە دوای بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستیی بە 881 ملیار دینارە، كە 453 ملیار دیناری لە بەغداوە دێت و بڕەكەی دیكەشی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت.

حەملان جەختی لەوە كردەوە، كە ئەو پارەیەی حكوومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێ، لە رۆژانی 13ـی مانگ دینێرێ و دڵنیاییشی دا فەرمانبەرانی كوردستان، كە دابەشكردنی مووچە 30 رۆژ جارێك بەردەوام دەبێت.

دەربارەی ناردنی مووچەی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی بەغداوە، رێباز حەملان بە بەڵگەی نووسراوی حكوومەتی عێراق، رایگەیاند، كە حكوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەناردووەتە هەولێر.



AM:10:29:27/05/2019