نەوەی نوێ: حکومەت پارەی موچەی بۆ بابەتی دیکە تەرخانکردووە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕوونکردنەوەکانی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی رەتدەکاتەوە و ڕایگەیاند "ئێستا دوای ناردنی موچەی پێنج مانگی ٢٠١٩ ی فەرمانبەرانی ھەرێم، حکومەت، بە بیانووی جیا جیا، دەستی بەسەر بەشێك لە پارەی فەرمانبەراندا گرتووە و بۆ بابەتیتر تەرخانیکردووە".

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

روونکردنەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەبارەت بە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی وەزارەتی دارایی.

رێزی زۆرم ھەیە
***
روونکردنەوەیەك لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

"بانگەشەکانی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران رەتدەکەینەوە"

بە ھەموولایەکی رادەگەیەنین، ئێمە روونکردنەوەکانی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە گرفتی موچەی فەرمانبەران، رەتدەکەینەوە.

لە کاتی ئامادەکردنی بودجەی حکومەتی ئیتیحادی بۆ ساڵی ٢٠١٩، خەم و ئامانجی سەرەکی ئێمە بە پلەی یەکەم جیاکردنەوەی بابەتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بوو لە کێشەی نەوت و گاز لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێم. دواجار، بە ھەوڵی بەشێك لە نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دڵسۆزانی میلەتەکەمان، توانیمان لە یاسای بودجەدا دەستەبەری مافەکانی موچەخۆرانی ھەرێم بکەین. بەڵام ھەر ئەوکات ئێمە گومانمان ھەبو کە حکومەتی ھەرێم لە رێگەی ناڕەواوە دەستبگرێت بەسەر بەشێك لەو بودجەیەدا کە بە یاسا بۆ فەرمانبەران تەرخانکراوە.

ئێستا دوای ناردنی موچەی پێنج مانگی ٢٠١٩ ی فەرمانبەرانی ھەرێم، حکومەت، بە بیانووی جیا جیا، دەستی بەسەر بەشێك لە پارەی فەرمانبەراندا گرتووە و بۆ بابەتیتر تەرخانیکردووە. ئێمە بە راشکاوی ئەو زوڵمە لە فەرمانبەران رەتدەکەینەوە و بە دڵنیاییەوە بێدەنگ نابین و ھەموو رێگەیەك دەگرینە بەر بۆ گەڕانەوەی ئەو مافە زەوتکراوەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٢٧ ی ئایاری ٢٠١٩


PM:05:56:27/05/2019