سبەینێ پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی  هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بەوتەی پەرلەمانتارێکیش  رێوڕەسمی سوێندخواردنی یاسایی دەکەوێتە دوای پشووی جەژنی رەمەزان. 

سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی بۆ کۆبوونەوەی ئاسایی لە رۆژی سێشەممە 28-5-2019 بانگهێشتکردووە، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە 
بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بە دەنگدانی ئاشکرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێت.

لەو بارەیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە میدیای نزیک حزبەکەی راگەیاند، سبەینێ سێشەممە 28-5-2019 کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە  نێچیرڤان بارزانی، کاندیدی پارتیی دیموکراتی کوردستان وئەو لایەنانەشە کە پارتی رێککەوتنی لەگەڵدا کردوون.

هاوکات لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری یەکێتی رایگەیاند "رێککەوتنەکەت (پارتی و یەکێتی) لەسەر سێ بنەما بوو: شەراکەتی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان، یەکڕیزیی لە بەغدا و چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک و هەڵبژاردنی پارێزگاری بۆ ئەو شارە، بۆیە یەکێتی رێز لە واژۆی خۆی دەگرێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە وەک خۆی".

لە دانیشتنەکەی سبەینێدا هەریەک فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی دەنگ نادەن. چونکە نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئۆپۆزیسیۆنن و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش هێشتا بەشداریکردنی لە حکومەت یەکلانەبووەتەوە.

بەپێی رێکارەکان، بۆ رۆژی دەنگدان ئەو پێنج کاندیدەی دەیانەوێ ببنە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناچنە پەرلەمان، تەنها سیڤییەکانیان دەدرێتە پەرلەمانتاران و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگیان پێدەدرێت. هەر کەس متمانەی پەرلەمانتارانی وەرگرت، سوێندی یاسایی دەخوات، کە پێدەجێت رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە بکەوێتە پاش پشووەکانی جەژنی رەمەزان. 

هەروەها دوای ئەوەی دەنگ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان درا، فراکسیۆنی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناوی مەسروور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان. 
سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ناوی ئەو بەربژێرە دەداتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەویش بەپێی پرۆتۆکۆڵ مەسروور بارزانی بانگهێشت دەکات و رایدەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.

لە دوای راسپاردنی، مەسروور بارزانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان. 



PM:08:47:27/05/2019