پارتی ڕێککەوتنێکی مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ ئاشکرادەکات

وته‌بێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگەیاندووە مەسعود بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لەسەر دیاریكردنی فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕێك كەوتبوون.

ئەو ڕاگەیەندراوە لەکاتێکدایە "سپی" ئەمڕۆ وەک یەکەم دەزگای میدیای لەزاری سەرچاوەیەکی یەکێتیەوە ئەوەی ئاشکراکرد  "بارزانی سورە لەسەر ئەوەی فەرەیدون عەبدول قادر ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسیی یەکیتی ببێتە پارێزگاری کەرکوک و تا ئیستاش جگە لەو هیچ ناوێکی تری بەلاوە پەسەند نییە".

فەرەیدون عەبدولقادر، نزیکەی پێش سێ مانگ لەمەوبەر لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە بەبێ بڕیاری مەکتەبی سیاسی پێشنیاری کردووە بۆ مەسعود بارزانی و ئەویش بەلایەوە پەسەندبووە، بەلآم دواتر مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەتایبەتی کەرکوکیەکان لەگەڵ لەگەڵ فەریدون عەبدولقادر وەک کاندیدی یەکێتی بۆ پارێزگاری کەرکوک رازینین.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی پارتی:

ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان..

ھەروەک ھەموو لایەک ئاگادارن، لەدوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە ٣٠ـی ٩ـی ٢٠١٨ و، لەدوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانی ھەڵبژاردن و ئاکامەکانی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕوانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە پشوودرێژی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکان لە مانگی ١١ـی ٢٠١٨ـیەوە دەست پێ کرد. بۆ ئەوەی تەبایی و یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان بپارێزرێت و ڕێگە لە ھەر کەلێنێک لە پڕۆسەی پێکھێنانی دامودەزگە شەرعییەکانی ھەرێم بگیرێت. ھەروەھا لەپێناو ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێم ڕھەندێکی نیشتیمانیی بەرفراوان وەربگرێت، پارتی سەردانی ھەموو لایەنەکانی کردووە و خەڵکی کوردستان و ھەموو لایەک شاھیدی ئەو پشوودرێژی و نیازپاکییەی پارتی دیموکراتی کوردستانن. 
لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماکانی بەرپرسیارێتیی ھاوبەش لە جومگەکانی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و پڕۆسەی چاکسازی، لە ٤ـی ٣ـی ٢٠١٩ لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕێککەوتنێکمان ئیمزا کرد. ھەروەھا بۆ ڕەچاوکردنی پڕەنسیپی شەراکەت لە ٥ـی ٥ـی ٢٠١٩ ڕێککەوتنێکی تر لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئیمزا کرا لەسەر ئەو پشک و پێگانەی کە یەکێتی لە حکوومەتی داھاتووی کوردستان وەری دەگرێت. 
ھەروەھا لە ڕێکەوتی ٤ـی ٣ـی ٢٠١٩ لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک ڕێککەوتین. بە جۆرێک کە ھاوتەریب لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگای کەرکووک بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی. 
 لەدوای ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، ھەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریکردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕێک کەوتبوون. ھەروەھا سەربارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێکتێگەییشتن و ڕێککەوتن لەنێوان سەرۆک بارزانی و بەڕێز کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی ھەبووە لەسەر دیاریکردنی کەسێکی کوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەکێتی پابەندی ئەو ڕێککەتنە بن. کەچی کاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەکردەیەکی یەکێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری کەرکووک بۆ ئێمە ناردووە کە ئەمە پێشێلکردنی ڕێککەوتن و بەڵێنەکان بووە. 
بە داخەوە برادەرانی یەکێتی بە بێی ڕەچاوکردنی بارودۆخی ھەستیاری ھەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێککەوتنەکان کرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم نەبوون، ھەروەکچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێککەوتن کرد و بەشداری کۆبوونەوەی ١٨ـی ٢ـی ٢٠١٩ـی پارلەمانی کوردستان نەبوون. 
پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی ھەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانکاری لەبەرانبەر یەکێتی گرتەبەر. ھەر ئەوەیش بووە ھۆی دواکەوتنی پێکھێنانی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ئەو دواکەوتنەیش زیانی بۆ پێگەی ھەرێم و پڕۆسەی سیاسی ھەبووە بە تایبەتی کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ھەستیاردا گوزەر دەکەن و پێویستیمان بە حکوومەتێکی بەھێز و ناوماڵێکی تەبا و یەکڕیز بۆ کوردستان ھەیە. 
بەداخەوە پشتکردنی برایانی یەکێتی لە ڕێککەوتنەکان و ھەوڵدان بۆ کاتکوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەکات کە ھەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە کە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەک بخرێت و بە ئەنجام نەگات. 
لەگەڵئەوەیشدا پێمانوایە کە ھەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خزمەتی پڕۆسەی سیاسی ناکات و ھەستیاریی قۆناغەکە و چاوەڕوانیی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیات ئەوەمان لێ دەخوازێ کە پڕۆسەی پێکھێنانی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و ئەنجام و کۆتایی. 


PM:05:49:28/05/2019