پۆلیسی سلێمانی: چەند تۆمەتبارێک دوای ڕفاندنی سێ منداڵ دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی رونكردنەوە لەبارەی رفاندنی سێ منداڵ دەدات و راشیدەگەیەنێت سێ‌ لەو تۆمەتبارانە دەستگیركراون.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە وێنەیەكی بۆ "سپی" هاتووە تیایدا هاتووە كە ڕۆژی 26ی 5 ی 2019 ، تۆمەتبارێك هەستا بە فڕاندنی سێ‌ منداڵ ، دوای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و وەرگرتنی سكاڵای باوكی منداڵە ڕفێندراوەكان دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چوار تۆمەتبار دەركرد  بەپێی ماددەی 421 لەیاسای سزادانی عیراقی .

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانرا لەكەمترین ماوەدا بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ سێ‌ لەو تۆمەتبارانە دەستگیربكات ،وە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی لەڕوداوەكە ئاگادار كردەوە و بە هاوكاری ئاسایشی زاخۆ توانرا تۆمەتبارێك لەپارێزگای دهۆك دەستگیربكرێت كە سێ‌ منداڵە ڕفێندراوەكەشی پێبووە .

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە لەكاتێكدا هێزەكانی پۆلیس سەرقاڵی دۆزینەوەی منداڵە ڕفێندراوەكان و دەستگیركردنی تۆمەتباران بوون ،پارێزەر (أ ) بەبێ‌ هیچ بریكار (وەكالەت ) نامەیەك و كاتژمێر 10ی شەوو لەكاتی ئێشكگریدا سەردانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ دەكات بۆ بینی پەڕاوەكانی سەبارەت بەم تاوانە ،

باسلەوەشكراوە پارێزەرەكە سوكایەتی بەكارمەندەكانی پۆلیس و دادگاش دەكات و دەڵێت نابێت لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی ڕاگرتن بۆ تۆمەتباران دەربچێت و ئەمە یاسایی نییە ، بۆ ئەو مەبەستە كارمەندەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ داوا لە پارێزەر دەكەن بچێتە دەرەوەی بنكەكە چونكە كاری لەوێ‌ نەماوە بەڵام ناوبراو پەلاماری كارمەندەكانی پۆلیس دەدات وكارمەندێكیش بریندار دەكات .

بۆیە لەئێستادا پارێزەر (أ) داواكراوە بەپێی ماددەكانی :

229 كە هێرشكردنە بۆسەر فەرمانبەری دەوڵەت لەكاتی ئەركداو لە هەمان كاتدا

بە مادەی 413 لێدان لەكارمەندێكی  پۆلیس داواكراوەسەرباری هەرەشەكردنیشی بە گوێرەی مادەی 431ی تایبەت بە هەرەشەكردن

پارێزەری ناوبراو خوشكەزای تۆمەتبارەكانەو ویستویەتی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو كێشەكەوە بێ‌ ئەوەی بریكار نامەی هەبێت سەرەڕای سوكایەتیكردن بەدادگا و بەڕێزانی دادوەریش هەر ئەمڕۆش چۆتەوە بنكەی ناوبراو هەڕەشەی لەكارمەندانی بنكەكە كردووە .


PM:06:54:28/05/2019