ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دواین هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

 ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، دواین هه‌ڵوێستى یه‌كێتیى له‌باره‌ى دۆخى سیاسى هه‌رێم راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایار، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتی (كۆسرەت رەسول عەلی) جێگری سكرتێری گشتی لەشاری سلێمانی كۆبوەوە. 

كۆبونەوەكە، كە بەدەقیقەیەك وەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد، تێدا د.بەرهەم ئەحمەد ساڵەح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی لەرێگای سیستمی (ڤیدیۆ كۆنفرانس) بەشداربوو، تەوەرەكانی پێكهاتبوون لە تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بەدۆخی سیاسی‌و گۆڕانكارییەكانی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە. 

كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، كە هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی (44) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و (43) ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بوو، ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی كردەوە، كە یەكێتی وەك هێزی بەرپرسیار لە چارەنوسی گەلی كوردستان‌و ڕاپەراندنی ئەركە نیشتمانیی‌و دیموكراسیەكان‌و یەكریزی گەلی كوردستان‌و تەبایی نێوان هێزە سیاسیەكانی كوردستان بە سەنگی مەحەك بۆ هێنانەدی مافە دیموكراسی‌و دەستورییەكانی گەلی كوردستان دەزانێت.  

سەبارەت بە دۆخی سیاسی كوردستان‌و دواپێشهاتەكان، كۆبونەوەكە پشتیوانی خۆی بۆ راگەیەنراوەكەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی دەربڕی، كە بەرجەستەكردنی كردارەكی بڕیاری كۆبونەوەكانی پێشووی ئەنجومەنی سەركردایەتیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی كوردستان لە هەرێم‌و بەغداو كەركوك لەپێناوی پابەندبوون بە ناوەرۆكی رێكەوتنە ئیمزاكراوەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، بەمەبەستی جێبەجێ كردنیان. 

كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دۆخی سیاسی‌و ئەمنی‌و ئیداری ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكان (كەركوك، خانەقین، دووز، شەنگال، مەخمور)ی هەڵسەنگاند، هەماهەنگی‌و تەبایی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەتایبەتی یەكێتی‌و پارتی بەپێویستیەكی قۆناغەكە زانی بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە‌و رووبەرووبونەوەی مەترسیەكانی تیرۆرو ڕێگەگرتن لە هەوڵەكان بۆ سەرلەنوێ‌ شێواندنی واقعیی دیمۆگرافی ناوچەكە. 

لەدوا تەوەری كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی بەهەستیارییەوە پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە‌و توندبوونەوەی ناكۆكیەكانی تاوتوێ‌ كرد‌و جەختیكردەوە، بژاردەی گفتوگۆ باشترین رێگاچارەیە‌و ناوچەكە لەشەڕی وێرانكەر دووردەخاتەوە، هەروەك سیاسەتی هاوسەنگی دامەزراوە دەستوری‌و فەرمیەكانی هەرێمی كوردستان‌و یەكهەڵوێستی لایەنەكانی كوردستان لەروانگەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانەوە بەگرنگزانی. 

ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان





PM:02:05:29/05/2019