لیژنەی دارایی عێراق روونکردنەوە لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاشکرای دەکات، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی ڕادەست نەكردووە و تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی خەرج كردووە.

 سوهام شەنون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، "لیژنەی دارایی، فوئاد حسێن، وەزیری دارایی میوانداریی كرد، بۆ تێگەیشتن لەبارەی ئەو زانیارییانەی بڵابوونەوە سەبارەت بە خەرجكردنی بەشە بودجەی هەرێم، وێڕای ئەوەی بڕە نەوتی دیاری كراوی ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵ نەكردووە”.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا سوهام شەنون، "وەزیری دارایی ڕەتیكردۆتەوە لە دەرەوەی مووچەی فەرمانبەران، كە لەلایەن پەڕلەمان و لە یاسای بودجەدا دیاریی كراوە، هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم خەرج كردبێت”.

ئەو دەڵێت" فواد حسێن، ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە بودجەدا هەیە و بوار بە وەزیر دەدات تەنیا مووچە خەرج بكات، لە حاڵەتی پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنی نەوتی."

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق، "لیژنەكە دڵنیایی لە وەزیری دارایی وەرگرتووە سەبارەت بە خەرجنەكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2019، تا ئەو كاتەی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ) دەكات”.



PM:08:52:29/05/2019