بارزانی: ئەوەی لەناوچە جێناکۆکەکان روودەدات جێگای قبوڵکردن نییە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پەرەسەندنەکانی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و ئەو زووڵمەی لە کورد دەکرێت دەڵێت " سەپاندنی ئەو دۆخە بەسەر جووتیاران و خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییە".

لەو پەیامەدا کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوکرایەوە، بارزانی دەڵێت " ئەوەی لەو ناوچانە دەگوزەرێت پێشێلكردنی یاسا و دەستوور و بەهاكانی مرۆڤایەتیە و زەنگی مەترسیشە بۆ ژیانی خەڵك و داهاتووی ئەو ناوچانە.  ئەم زوڵمەی كە ڕۆژانە دەكرێت، سزادان و هەڵتەكاندنی خەڵكە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی". 

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان سووتاندنی دەغل و دانی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچەكانی ماددەی 140 و هەروەها كوشتن و ئازاردان و برینداركردنی خەڵكی كورد لەو ناوچانەدا كە ماوەیەكە بووەتە دیاردە و ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، تاوانێكی گەورە و زوڵمێكی ئاشكرایە لە هاووڵاتیانی بێتاوانی كورد دەكرێت. 

ئەوەی لەو ناوچانە دەگوزەرێت پێشێلكردنی یاسا و دەستوور و بەهاكانی مرۆڤایەتیە و زەنگی مەترسیشە بۆ ژیانی خەڵك و داهاتووی ئەو ناوچانە.  ئەم زوڵمەی كە ڕۆژانە دەكرێت، سزادان و هەڵتەكاندنی خەڵكە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی. 

سەپاندنی ئەو دۆخە بەسەر جووتیاران و خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەو بارودۆخە نالەبارە بێنە دەنگ و حكوومەتی عێراقیش دەبێ بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و كۆتایی بەو ستەم و یاساشكێنیە بهێنێت كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم لەدژی هاووڵاتیانی كورد ئەنجام دەدرێت. مسعود بارزانی 



PM:06:28:30/05/2019