هەڕەشەی کوشتن لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

سەركردەیەكی یەكێتی هێزە عێراقیەكان رایگەیاند، میلیشیاكانی حزبوڵای عێراق هەڕەشەی كوشتنیان لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٩ كەناڵی (ئەلعەرەبیە)لەزاری سەباح كەربولی سەركردە لە یەكێتی هێزە عێراقیەكان  بڵاویکردەوە، چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ژمارەیەك چەكداری حزبوڵا بە فەرماندەیی ئەبو حەیدەر لەناو شاری بەغدا ڕێگری لە سكرتێری حەلبوسی كردووە و راستەوخۆ پەیامی هەڕەشەی كوشتنی پێدا ناردووە بۆ حەلبوسی.

بەپێی وتەی ئەوسەرکردەیە، هەڕەشەکە بەهۆی دەربڕینی هەڵوێستی بێلایەنانە بووە لە گرژییەكانی نێوان واشنتن و تاران، بە تایبەتیش كە رایگەیاندبوو ئامادەیە ناوبژی واشنتن و تاران بكات، ئەگەر ئەو دوو لایەنە بە شێوەیەكی فەرمی داوای لێ بكەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەیەکە گرژییەكانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە لوتکەو ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ئارادایە.


ئه‌م بابه‌ته ‌3286 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:24:30/05/2019