یەکێتی: داوکارین ڕێگە بدرێت هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکوک

فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شەوی ڕابردووی كه‌ركوك بڵاوكرده‌وه‌ و داوا دەکات هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شارەکە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوهی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا هاتووه‌ "له‌ شه‌وانی كۆتایی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز و له‌كاتێكدا هاوڵاتیان خۆیان بۆ جه‌ژن ئاماده‌ ده‌كه‌ن جارێكی تر ده‌ستی تیرۆریستی بۆ كه‌ركوك درێژده‌كرێته‌وه‌ و له‌ زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌دا سه‌روماڵی هاوڵاتیانی شاره‌كه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج".

هەروەها ڕاگەیەندراوە "ئێمه‌ وێڕای ئیدانه‌ی توندی ئه‌م كرده‌وه‌ نامرۆییانه‌ هاوكات مه‌ترسی خۆمان له‌دۆخی شاره‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌روو كه‌ په‌له‌بكرێت له‌ توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌هه‌موو ئه‌و هێزه‌ یاساییانه‌ی كه‌ له‌رابردوودا رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ له‌ نێویشیاندا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه‌ وه‌ك هێزێكی یاسایی ئه‌زموونی زۆری هه‌یه‌ له‌ پاراستنی دۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌دا".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ "داواكارین پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراقه‌وه‌ رێگه‌بدرێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ رێگری له‌هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكێ تیرۆریستی هاوشێوه‌". 

له‌به‌شی كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "نزا ده‌كه‌ین خوای گه‌وره‌ شه‌هیدانی ئه‌و كرده‌وه‌ چه‌په‌ڵه‌ به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شادبكات و به‌زووی شیفای برینداره‌كان بدات وه‌ هیواخوازین هه‌موو دڵسۆزان هاوكاربن له‌ دانانی پلانێكی تۆكمه‌ به‌ به‌شداری هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌رقه‌راركردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی له‌ شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری".


ئه‌م بابه‌ته ‌608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:12:31/05/2019