یەکێتی پەیامێکی توند ئاڕاستەی پارتی دەکات

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی پەیامێكی توند ئاڕاستەی پارتی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، "ئەگەر كەسێكی كوردو یەكێتیی لەكەركوك دانەنرێت بەپارێزگار، بەشداریی پرۆسەی سیاسی ناكەین و مامەڵە لەگەڵ بارزانیش ناكەین".

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیداو لەسەر مەزاری مام جەلال پەیامێكی لەبارەی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە، "ئەگەر كەسێكی كوردو یەكێتیی لەكەركوك دانەنرێت بەپارێزگار، ئەوە ڕایدەگەیەنین كێشەكانی ئێمە چارەسەر نابێت، بەو واتایەی كێشەی ئێمە بەستراوەتەوە بەكەركوك و ناوچە داگیركراوەكانەوە".

ئەوەشی ڕونكردەوە، "هەركاتێك پارتی بڕیاریدا لەگەڵ دروستبونی حكومەتی هەرێمدا پارێزگارێكی كورد و یەكێتیی دابنرێت، ئێمە ڕێكەوتوین لەسەر هەموو شتەكانی دیكە، ئەوكات هیچ كێشەیەك نامێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێت، ئێمەش وەكو ئێستا دەمێنینەوە".

سەبارەت بەمامەڵەی یەكێتیش لەگەڵ هەردوو بارزانی لەسەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم، مەكتەب سیاسیەكەی یەكێتیی وتی "نێچیرڤان بارزانی هەڵبژێردراوە، بەڵام ئێمە كە نەچوینە ناو پرۆسەی سیاسییەوە، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئەویش مامەڵە ناكەین".


PM:04:52:01/06/2019