ئێران؛ تەقاندنی یەكەم گوللـە نرخی نەوت دەگەیەنێتە 100 دۆلار

راوێژكارێکی سەربازیی رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، ئەمریكا و ئەوروپا و هاوڕێكانیان لە ژاپۆن و كۆریای باشور ناتوانن بەرگەی شەڕ بگرن و تەقاندنی یەكەم گوللـە نرخی نەوت دەگەیەنێتە 100 دۆلار.

رەحیم سەفەوی راوێژكاری سەربازیی رێبەری باڵای ئێران لەلێکدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا باش دەزانێت بە دۆڕاوی لەشەڕی دژی ئێران دەردەچێت و، هەر شەڕێك دژی ئێران بەرپا بكات زیانێكی ئابوری گەورەی پێدەگات".

وتیشی "تاران ئامادەیە بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمریكا و هێزە سەربازیەكانی ئێرانیش بەهێزترینن لەناوچەكەدا، هەروەها رێككەوتن لەگەڵ هەندێك لە دەوڵەتانی كەنداو دەكات بۆئەوەی هێرش نەكەنەسەر یەكتری لەناوچەكەدا".

ئەو راوێژكارە ئێرانییە ئاماژەی بەوەکردووە، کە وڵاتەكەی سەرجەم تواناكانی و ستراتیژە سەربازیەكانی ئاشكرانەكردوە و لەبەرانبەر هەر دەستدرێژیەك گورزی كتوپڕ لە دوژمن دەدات.

راوێژكاری سەربازیی رێبەری باڵای ئێران باسی لەوەشکردووە"كەشتیە بیانییەكان لە كەنداو لەمەودای موشەكەكانماندایە و 20 هەزار سەربازیش لە بنكە سەربازیەكانی ئەمریكان لە قەتەر و كوێت و بەحرێن، کە بەهەمان شێوە لەمەودای موشەكەكانی ئێراندان".


PM:01:14:02/06/2019