سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمنیداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات هەڵوێستەیەکی بەرپرسیارانە بکەن.
لە پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوودا هاتووە "تکایەکی برایانە لە هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم (پارتی و یەکێتی) و بەتایبەت هەردوو سەرکردەی بەرێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی و کاک کۆسرەت رەسوڵ ئەکەم بریارێکی خێرای پێکهاتن بدەن و رێگە لە تەشەنەکردن و تەسعید بگرن، تا دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبووە و کێشەکان نەچووتە ئاستی هەڵدێر و نەگەڕانەوە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی کوردستان لە ئەستۆی ئێوە دایە. کەی رەوایە یاری بە چارەنووسی ئەم ئەزموونە و ئەم دۆزە رەوایە بکرێ بە پاساوی هەڵەی سیاسی و تۆڵە لە یەکترکردنەوە".
دەقی پەیامەکە:
لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان
بەرێزان ...
هاونیشتمانیانی ئازیز...
سرکردایەتیی سیاسیی کوردستان...
سڵاوی خواتان لەسەر بێت..
لەم رۆژە پیرۆزانەی کۆتایی رەمەزان و شەوانی قەدر و پێشوازی جەژنی پیرۆزدا
داواکارم لە خودای پەروەردگار تاعەت و عبادەت و بەخشندەیی موسڵمانان قبوڵ بکات.
ئومێدەوارم مانگی رەمەزان و هاورێیەتی قورئان خۆراگری زۆرتر و ئیرادەی بەهێزتر و هۆشیاری بەرپرسیارانەی زیاتری پێ بەخشیبین.
هەر لەم بۆنە پیرۆزە دا سەرنجتان رائەکێشم بۆ ئاڵۆزیی هەلومەرجی ناوچەکە و عێراق و تەحەدی و هەڕەشە جۆراوجۆرەکانی شەڕی بەرژوەندیی وڵاتان. ئالەم حاڵەدا کە هاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕێی سەقامگیری و کۆتایی نەهامەتی و رێکسختنەوەی دامەزراوە دەستوری و نیشتمانییەکان بوون، بەداخەوە واقعەکە شتێکی ترە! شەیپوری شەڕ و هەڕەشە و گرێ دروستکردن لەڕێگەی یەکتردا دەبینین، جێگای داخە کە دڵەڕاوکێ و قەلەقی لە ناو خەڵکدا دروست ئەکرێ و ئاسۆی ئاشتەوایی و بە حیوار چارەسەرکردن لە ئارادا نییە.
بەڕێزان:
ئێوە لە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێویستە هەڵوێستەیەکی بەرپرسیارانە بکەن، کەی ئەمە کاتی ئەم ناسازی و ناڕێکی و هەڕەشە بارانەیە، ئا لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی هەرێم و ناوچەکەدا هەرچی زووترە ئەبێ رێکەون و جیاوازییەکانتان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن رێگە نەدەن زمانی شەڕ زاڵ بێ و پرۆسەی سیاسی و دەزگا فەرمییە نیشتمانییەکان و پەکیان بکەوێ و ناچاری قبوڵی دەستێوەردانی خەڵکانی بەرژوەندیخواز بن و هەرێمەکە و ئەزموونە سیاسییەکە دووچاری پاشەکشێ و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی شەڕ و دوڵەتی و دودڵی و ترس زاڵ بێ بەسەر بازار و ژیانی گشتیدا.
ئەمە بەرپرسیارێتێکی مێژووییە و نابێ پشتگوێ بخرێت، دۆخە سیاسییەکەی عێراق و ناوچەکە و ئاراستە نێودەوڵەتییەکان پەیامی ترسناکمان پێ دەدەن، بەرگەی ئەم ئاستەنگ دروستکردن و بڕوبیانووە لە یەکترگرتنە ناوخۆیییە ناگرێ و بە زیانی گەورە ئەشکێتەوە بەسەر هەمولایەکماندا و بەسەر ئەزموون و ئایندەی گەلەکەماندا.
بۆیە تکایەکی برایانە لە هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم (پارتی و یەکێتی) و بەتایبەت هەردوو سەرکردەی بەرێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی و کاک کۆسرەت رەسوڵ ئەکەم بریارێکی خێرای پێکهاتن بدەن و رێگە لە تەشەنەکردن و تەسعید بگرن، تا دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبووە و کێشەکان نەچووتە ئاستی هەڵدێر و نەگەڕانەوە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی کوردستان لە ئەستۆی ئێوە دایە. کەی رەوایە یاری بە چارەنووسی ئەم ئەزموونە و ئەم دۆزە رەوایە بکرێ بە پاساوی هەڵەی سیاسی و تۆڵە لە یەکترکردنەوە.
پیرۆزیی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزان داوا لە هەمولایەکمان ئەکات قەدری میللەتەکەمان بگرین و سەرئێشەی ناکۆکی و زەنگی شەڕ و هەڕەشەی هەڵتەکاندنی هەرێم نەخەینە سەر نەهامەتیی کۆمەڵایەتی و گرفتاری بژێوی و بێکاری گەنجان و تەسکبونەوەی پانتایی فرەیی و ئازادییەکان.
دەبێ بە ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆمان هەڵسین و هەرلایە و لە خواستی کەسی و حزبی خۆی کەمێک دابەزێ و ئامانجی یەکڕیزی و سەقامگیریی ئەمنی و شەرعیەتی دامودەزگا نیشتمانییەکان بکەینە خاڵی سەرووتر لە جیاوازی بۆچوون و بەرژوەندی و پشکی بەرکەوتن و دەستکەوتەکان.
رێز لە خوێنی شەهیدان و مێژووی خەباتی خۆمان بگرین و بەرژوەندی گەل و نیشتمان و پاراستنی ئەزمونە سیاسیەکە لەسەروی هەموو بەرژەوەندیە حزبی و کەسییەکانەوە بێ.
لە کۆتاییدا داواکارم کە
1-بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەکە و عێراق و مەترسی و هەڕەشەکانمان هەمیشە لەبیر بێ.
2-راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەکانی گرژی و شەڕی راگەیاندن.
3-رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەکی سەرکردەکانی هەر دوولا.
4-کۆبوونەوەیەکی خێرای لووتکەی هەردوولا بە گیانێکی لێبوردەیی و بە ئیرادەی چارەسەر.
ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم بوارەدا وێرای پاراستنی پێگەی ئۆپۆزسیۆنبونمان ئامادەی هەر ئەرکێکین کە ناوماڵی کوردستانی رێک بخاتەوە و یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی بەرهەم بهێنێ، ئەرکی هەموانە کە بۆ کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر تێبکۆشین.
بەهیوای هەنگاوێکی بەرپرسانە و هەواڵی دڵخۆشکەر لەم بەرە جەژنە پیرۆزەدا .
براتان
صلاح الدین محمد بهاءالدین
ئهمینداری گشتی یهكگرتووی ئیسلامی كوردستان
2/6/2019