پۆلیسی هەولێر: پلانی ڕۆژانی جەژنی ئاشکراکرد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، تیمەكانیان لە ڕۆژانی جەژندا لە ناو شاردا لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە میدیاكانی ڕاگەیاند" بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە هاوكاری و هەماهەنگیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەی داڕشتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، وێڕای مەفرەزەی گەڕۆك، كە لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی دەگەڕێن، هێزە هاوبەشەكەمان لە شوێنە گشتییەكانیشدا ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنی دەگرنە بەرو  پلانەكەش لە ئەمڕۆوە دەستی پێ كردوە و تا دوای جەژنیش بەردەوام دەبێت.

ئاشکراشیکرد، پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و خواروی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە سەردانی هەولێر و دەوروبەری بكەن و، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگییەكی تەواو لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر كراوە تا ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت.



PM:07:50:02/06/2019