بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە سێ هاوڵاتی بە سەختی برینداربوون

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە لە ناوچەی دەشتی هێرت سێ هاوڵاتی برینداربوون کە دوانیان بران.

بەیانی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیران فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە خەستی بۆردومانی ناوچەکانی مێرگە رەش لەگەلی شێخ زادان لە دەشتی هێڕت دەکەن و دەبێتە مایەی سوتانی دەغڵودان، بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە دەچن بەدەم ئاگرەکەوە، بەڵام جارێکی تر فڕۆکە جەنگیەکان بۆردومانی ناوچەکە دەکەنەوە سێ هاوڵاتی بە سەختی بریندار دەبێت کە یەکێکیان دۆخی تەندروستی خراپە.

بریندارەکان پێشمەرگەی هێزەکانی ٨٠ ی پارتی دیموکراتی کوردستانن و دوانیان بران.

ماوەی هەفتەیەکە تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی پیادەو ئاسمانی لەناوچەکانی برادۆست و خواکورک دەستپێکردووە کە بەیەکێک لە هێرشە فراوانەکان سەر هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

تا ئێستا لەو ناوچەیە نزیکەی ١٢٥ گوند لەترسی جەنگ چۆڵی کردووە، ناوچەکە شوێنێکی کشتوکاڵی گەورەو بەپیتەو شوێنی بەخیوکردنی مێش هەنگە.

ئەم هێرشەش وەک هێرشەکانی پێشوو بە بیانووی لێدانی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ئەنجامدەدرێت. 



AM:09:22:05/06/2019