رۆسنەفت پلانێکی نوێ بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

کۆمپانیای رۆسنەفت-ی رووسی  پلانێکی نوێ بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت لە ساڵی 2019 دادەنێت.

ئیگۆر سچین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفت لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ دەست دەکەن بە پەرەپێدانی بلۆکە نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان و پلانێکیشیان داناوە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت لە ساڵی 2019 بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە داهاتودا لە هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکەن. 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفت ئاشکراشیکرد، بەردەوامدەبن لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان لە هەرێمی کوردستان و بەشێوازی تاقیکردنەوە دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردوە لە کێڵگەی بجێل. 
ساڵی رابردووش لەپەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری سان پیتەرسبۆرگ، کۆمپانیای رۆسنەفت رایگەیاند، لەهەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان دەکەن لە ساڵی 2019 دا.

کۆمپانیای رۆسنەفت، گەورەترین کۆمپانیای نەوتی جیهانە، سەربەحکومەتی روسیایە و بنکە سەرەکییەکەی لەمۆسکۆیە. گەورەترین وەبەرهێنانی لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کردوە، تەنیا کۆمپانیاینەوتی نێودەوڵەتییە کە لە هەموو قۆناخەکانی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، گواستنەوەو بەبازاڕکردنی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانێکی گەورەی کردوە. 

دوو ساڵ لەمەوبەر هەر لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری سان پیتەرسبۆرگ لە ساڵی 2017 کۆمپانیای رووسنەفت و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکیان واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی لە پارێزگای هەولێر و دهۆک.





AM:11:18:06/06/2019