دواین وتەی پۆلیس لەسەر کوشتنی گەنجەکەی چاڤی لاند

پۆلیسی‌ سلێمانی‌ ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كوشتنی گه‌نجه‌كه‌ی‌ چاڤی‌ لاند، دوای‌ روداوه‌كه‌ هێزەكانی پۆلیس سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركردووە.

پۆللیسی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (سپی) نێردراوەو تیایدا هاتووە" شەوی‌ پێنجشەممەو لەسێیەم رۆژی‌ جەژنی رەمەزاندا، لەروداوێكی‌ شەڕكردندا لەبەردەرگای یەكەمی پرۆژه‌ی‌ گه‌شتیاریی چاڤی‌ لاند، گەنجێكی تەمەن (18) ساڵ به‌ناوی‌ (ع ، ح ، ع) كوژرا، دوای‌ روداوه‌كه‌ هێزەكانی پۆلیس سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد".

ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ هەمو لایەكی ڕوندەكەینەوە كه‌ هەر لەسەرەتای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی لەڕوداوی كوشتنی گەنجەكە، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەكەو گەنجەكە بەبرینداری بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بەڵام به‌داخه‌وه‌ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە.

هاوكات توانراوە سێ‌ تۆمەتبار بەناوەكانی (ن ، ح ، ج - ژ ، ن ، ح - أ ، ع ، ع ) دەستگیربكرێن‌و ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ئازادی بكرێن بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لەڕوداوەكە.

ڕاشیگەیاند" لەئێستادا لەلایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە هەموو ڕێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەرو هەركەسێكیش لەسەر ئەم ڕوداوە فەرمانی گرتنی بۆ دەربچێت دەستگیردەكرێت".

جەختیشی کردەوە، وەكو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە كە كار لەسەر هەمو سكاڵاكان دەكەین‌و داكۆكی لەمافی سكاڵاكاران دەكەین بەپێی رێكاره‌ یاساییه‌كان.



PM:02:18:09/06/2019