پەكەكەو سوپای تورکیا دوو راگەیەندراوی جیاواز بڵاودەکەنەوە

سوپای توركیا رایگەیاند لەماوەی 13 رۆژی رابردودا، 43 گەریلای پەكەكە لە ئۆپراسیۆنی چنگدا كوژراون،  پەكەكەش دەڵێت لە یەك چالاكیدا 22 سەربازی توركیا كوژراون.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردوەتەوە وەزارەتی بەرگری توركیا  ئاماژەی بەوەکردووە،  لەماوەی 13 رۆژی رابردوودا، 43 گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە هێرشەكانیاندا كوژراون.

راشیگەیاندوە كە لە ئۆپراسیۆنی چنگدا لە زنجیرە چیای خواكورك، 53 ئەڵغام لەناوبراون و 74 ئەشكەوت كە ئەندامانی پەكەكە بۆ پاراستنی خۆیان دروستیانكردون داڕمێنراون و دەستیشگیراوە بەسەر خوردن و كەرەستەو پێداویستی رۆژانەدا.

هەر ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشوری کوردستان رایگەیاندوە كە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هەرێمی خواکورکی باشوری کوردستان ، ڕۆژی 7ی ئەم مانگە لە گردی بێ لە شارەدێی بێگوڤا-ی سەر بە شارۆچکەی زاخۆ، لە دو قۆڵەوە سەنگەر و بارەگای سوپای تورکیایان كردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا، 20 سەرباز کوژراون و ئۆتۆمبێلێک و ژمارەیەکی زۆر حەشارگە لە حەوشەی بارەگا سەربازییەکەدا سوتان و لەناوچون.



PM:08:23:09/06/2019