سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەسەر دۆخی ئەمنی کەرکوک کۆبوونەوە

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەسەر دۆخی ئەمنیی کەرکوک و دیالە و چۆنێتی یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی کۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩ هەریەک لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆشکی سەلام کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و یاسایی عێراق.

ئەوەشهاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتی تەواوکردنی کابینەی وەزاری حکومەت و تاوتوێکردنی پرۆگرامی حکومەت و بایەخدان بە خواست و داخوازییەکانی خەڵک کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سێ سەرۆکایەتییەکە گرفۆگۆکراوە لەسەر دۆخی پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و، یەکخستنی سەرجەم هەوڵەکان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی تیایاندا و پشتبەستن بە شێوازی گفتوگۆکردن و بڵاوکردنەوەی ڕۆحی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی و بەشداریپێکردنی هەموو لایەک لە ئیدارەدانیاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەیاندا سێ سەرۆکایەتییەکە جەختیانکردەوە لە یەکخستنی گوتاری فەرمیی عێراق و پشتبەستن بە ئاراستەیەکی هاوسەنگ لە پەیوەندییەکانی وڵات لەگەڵ دەرەوەدا.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکدا هاتووە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە گۆگتۆگۆ کراوە لەسەر دوا پەرەسەندنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و، هەروەها تاوتوێی دوورخستنەوەی عێراق و ناوچەکە کرا لە قەیران و ململانێکان.


PM:11:27:09/06/2019