پۆلیسی سلێمانی: تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان نەكراوە

پۆلیسی سلێمانی لەسەر تەقەكردن لە مەكۆی گۆڕان ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت " تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان نەكراوە".

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ڕونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە

شەوی ڕابردوو كاتژمێر  1 و 30 خولەكی شەو گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی ) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە ، كە چەكدارەكان ویستویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردۆتە سەر سكیورتیەكان و تەقە دروست بووە لە بەردەم نەخۆشخانەكە و دور لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان ، بەهۆیەوە هاوڵاتی ( ڕ ، ف ) برینداربووەو دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەكەو بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوە بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەستداوە .

بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس دەركەوتووە كە بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە و تەنها كێشەكە لەنێوان چەكدارەكان و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە .

لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن ،لەداهاتوشدا تەواوی ڕێكارەیاساییەكان بۆ هاوڵاتیان دەخەینە ڕوو .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان



PM:02:08:11/06/2019