زیادكردنی دەوامی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ناڕەزایی فەرمانبەرانی لێدەكەوێتەوە

دەوامی ئەم فەرمانگەیە زیادكرا و فەرمانبەرانیش ناڕازین لە بڕیارەكە لە بەرامبەردا جێگری سەرۆكی شارەوانی ڕوونكردنەوە دەدات.

پاش دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و دواتر بڕیاری پارێزگای سلێمانی وەك گەورەترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە سنوری شاری سلێمانی سەبارەت بە ئاسایی بونەوەی دەوامی فەرمانبەران سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكەوە ڕاگەیاند.

چەند كارمەندێكی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ "سپی" ئەوەیان ئاشكراكرد "كە ماوەی دوو ڕۆژە بە بڕیاری سەرۆكی شارەوانی دەوامی فەرمانبەران زیادكراوە و بەشێك لە فەرمانبەران ئامادە نین پابەندبن پێوەی".

یەكێك لەو كارمەندانە بە "سپی" وت "ئێمە بە هیچ جۆرێك پابەند نابین بەو دەوامەی دیاریكراوە، چونكە تا ئێستا موچە ئاسایی نەبۆتەوە و لە ئێستادا كە مانگی شەشە موچەی مانگی سێمان وەرنەگرتووە تا بڕیاری زیادكردنی دەوام بدەن".

وتیشی "ماوەی دوو ڕۆژە دەرگا لە كارمەندانی شارەوانی دادەخرێت و دەیانەوێت تا كاتژمێر 2:30 لە بینای شارەوانیدا بمێنینەوە، بەڵام ئێمە پابەند نابین پێوەی و بەشێكیش لە فەرمانبەران ئەمڕۆ ناچاربوون بەسەر دەرگادا بڕۆن".

هاوكات ئاكۆ عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە "سپی" ڕاگەیاند "بڕیاری ئاسایی بوونەوەی دەوامی فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانیەوە دەرچووە و شارەوانی سلێمانیش وەك هەر بەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە دەبێت جێبەجێی بكات، ئەگەر لە فەرمانگەكانی دیكەش جێبەجێ نەكرا ئەوا ئێمەش جێبەجێی ناكەین".

سەبارەت بە سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی بە بڕیاری زیادكردنی دەوامەوە پابەند نابن وتی "تا ئێستا هیچ فەرمانبەرێك سزا نەدراوە".



PM:02:46:11/06/2019