مەسعود عەبدولخالق وەسفی وتارەکەی بەرهەم ساڵح دەکات

رۆشنبیر و چاودێری سیاسی، مەسعود عەبدولخالق وەسفی وتاری بەرهەم ساڵح دەکات کە لە میانی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا خوێندیەوەو دەڵێت "جگە لە سەرۆك بەرهەم ساڵح، هیچ كەسێكی دیكە باسی مافی كوردی نەكرد".

مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی لە میانی لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی رۆژنیوز رەخنەی لەو وتارانە گرت كە لە كاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشكەش كران.

مەسعود عەبدولخالق ئەوە دەخاتەڕوو كە جگە لە د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، هیچ كەس باسی بەدیهێنانی مافی كوردی نەكرد و رایگەیاند "دوێنێ ئەوەی غایب بوو لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا باسی دەوڵەتی کوردی و ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین بوو".

وتیشی: "تەنها د بەرهەم ساڵح، وتی کە هەتا مافەکانی کورد بەدەست نەیەت لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا ئارامیی بەدی نایەت، لەکاتی ئەم قسەیەشدا سەیری (مەولود) چاوشئۆغڵو( وەزیری دەرەوەی توركیا)ی کرد".

جێی ئاماژەیە پێشتریش ئاڵا تاڵەباین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرای كردبوو كە بە هۆی ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی توركیا لە رێورەسمەكەدا سرودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب" لێنەدرا.



PM:10:45:11/06/2019